کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیسرائیل هێرشی کردە سەر میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە سووریە

12:09 - 29 گەلاوێژ 2721

ڕێکخراوی چاودێری مافی مرۆڤ لە سووریه بڵاوی کردووەتەوە ئیسرائیل بە سێ مووشەک، هێرشی کردووەتە سەر دامەزراوە و کۆگاکانی چەکوچۆڵ و تەقەمەنیی حیزبوڵڵای لوبنان.

هاوکات لە هێرشەدا میلیشیاکانی دیکەی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە شاری "دەمیشق" هێرشیان کراوەتە سەر.

ئەو هێرشانە بنکەی ئاسمانیی "ئەلمزە و جەبەل قاسیوون" لە "دەمیشق" و ناوچەی "ئەلقەلەموون" لە نێوان "دەمیشق" و "حومسـ"ـی کردووەتە ئامانج.

میدیاکانی ڕێژیمی سووریە باسیان لەوە کردووە کە دەنگی چەند تەقینەوەی بەهێز لە دەورووبەری شاری "دەمشیق" بیستراوە.

میدیاکانی لوبنان بڵاویان کردووەتەوە فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئیسرائیل لە ئاسمانی لوبنان ئەو هێرشانەیان ئەنجام داوە.

ڕۆژی سێشەممە ئیسرائیل هێرشی کردبووە سەر شوێنێکی گرووپی حیزبوڵڵا لە لوبنان و شوێنێکی دیکەی میلیشیاکانی گرێدراو بە کۆماری ئیسلامیی ئێران لە "قۆنەیتەرە".

لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا ئیسرائیل هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر گرووپە میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە سووریە بە شێوەیەکی بەرچاو چڕ کردووەتەوە.

پێشتر چەندین جار بەرپرسانی ئیسرائیل ڕایانگەیاندووە کە بوونی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سنوورەکانمان ڕێگەپێدراو نییە.