وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل ڕۆژی هەینی ٨ی گەلاوێژ وتی، هێرش بۆ سەر کەشتیی ئەو وڵاتە لە کەنارئاوەکانی دەریای عەمان کاری ڕێژیمی ئێران بووە و دەبێ وڵامێکی توند بەو ڕێژیمە بدرێتەوە.
''یائیر لاپید'' جەختی کردەوە، ئێران بە تەنیا کێشەی ئیسرائیل نییە، بەڵکوو هەناردەکەری تێرۆریزم، وێرانی و ناسەقامگیرییە کە زیان بە هەموومان دەگەیەنێت، جیهان نابێ لە بەرامبەر تێرۆریزمی ئێران کە زیان بە ئازادیی کەشتیڕانی دەگەیەنێت، بێدەنگ بێت.
ڕۆژی هەینی کەشتییەکی بازرگانیی ئیسرائیل لە ئاوەکانی دەریای عەرەب بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشی کراوە سەر و لە ئاکامدا دوو کەس لە کارمەندانی کەشتییەکە کوژران.
ڕاگەیاندنەکانی ئیسرائیل ڕۆژی هەینی ٨ی گەلاوێژ، ڕێژیمی ئێرانیان بە هێرشێک لە ڕێگای فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە بۆ سەر کەشتییەکی بازرگانیی ئەو وڵاتە لە ئاوەکانی دەریای عەرەب و لە نزیک کەنارئاوەکانی عەمان تاوانبار کرد.
هەر لەم پێوەندییەدا کاناڵی تێلێڤیزیۆنیی ''ئەلعالەم'' سەر بە ڕێژیمی ئێران سەرەڕای وەئەستۆگرتنی ئەو هێرشە ڕایگەیاند کە هێرش بۆ سەر کەشتییەکەی ئیسرائیل وڵامی هێرشی ئیسرائیلە لەهەمبەر بۆردومانکردنی فڕۆکەخانەی ''زەعبەی'' سووریە.