
"نەفتالی بێنت" سەرۆکوەزیری ئیسرائیل جەختی کردووەتەوە کە وڵاتەکەی "ئازادیی کردەوە" لە پەیوەندی لەگەڵ ڕێژیمی ئێران بۆ خۆی ڕادەگرێت، چونکە "تاران" و ملیشیاکانی لە ناوچەکە گرینگترین ململانێکان بۆ داهاتووی ئیسرائیل پێک دەهێنن.
ناوبراو لە درێژەدا باسی لەوە کردووە: "ڕێژیمی تاران لە ڕاستای ململانێکانی ئێمەدایە، ڕێژیمی ئێران سەری هەشت پێیەکە کە بە ملیشیاکانی و چەکەکانی بۆ لای هەموو سنوورەکان دەفڕێت و هەڕەشە لە ئێمە دەکات، ئێمە شەو و ڕۆژ لە بەرامبەر ئەو ڕێژیمە و هێزە ملیشیاکانی ڕاوەستاوین".
"نەفتالی بێنت" سەبارەت بە دانوستانی "ڤییەن" لەنێوان وڵاتانی ڕۆژاوا و "تاران" و بەرنامەی ناوکیی ڕێژیمی ئێران وتی: "بە دڵنیاییەوە ئێمە نیگەرانین و بۆ من گرینگە کە ڕاشکاوانە بڵێم و ئەو بابەتەی ئاشکرا دەکەم کە ئیسرائیل یەکێک لە لایەنەکانی ڕێککەوتن نییە".
ناوبراو زیادی کردووە: "ئیسرائیل بە هەر شتێک کە لە ڕێککەوتننامەکاندا واژۆ دەکرێن، پێبەند نییە. ئیسرائیل بۆ ڕاگرتنی مافی ئازادیی کردەوەی تەواو لە هەر شوێن و جێگەیەک، هەروەها لەهەر کاتێکدا بەبێ بەربەست درێژە بە چالاکییەکانی دەدات".
هاوکات "میکی لۆی" سەرۆکی پارلمانی ئەو وڵاتەش وتی: "ئیسرائیل بە تەنیایی بەرگری لە خۆی دەکات".