کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیسرائیل هەڕەشەی کرد کە هێرش دەکاتە سەر کۆشکی ژیانی بەشار ئەسەد

12:43 - 25 جۆزەردان 2722

ئیسرائیل هەڕەشەی لە "بەشار ئەسەد" کردووە کە لە ئەگەری پشتیوانی لە سپای تێرۆریستی پاسدارانی ئێران و ڕێگەدان بە ڕێژیمی ئێران بۆ گواستنەوەی چەک و تەقەمەنی بۆ سووریە و لوبنان، ڕاست شوێنی ژیانی ڕۆژانەی ناوبراو دەکاتە ئامانج.

بڵاوبوونەوەی ئەوهەواڵە لە کاتێکدایە کە چەند کاتژمێر پێشتر هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل چەندین بنکەی ڕێژیمی ئێرانی لە ناوچەی "بووکەمال" لە نزیک سنووری سووریە و عێراق بۆردومان کردووە.

هێرش بۆ سەر بنکەکانی سپای پاسداران لە ناوچەی "بووکەمال" لە درێژەی بۆردومانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی دەمیشق بووە کە بەهۆی ئەو زیانانەی کە کەوتوونەتەوە، فڕۆکەخانەکە لەکار وەستاوە.

ئیسرائیل سپای پاسداران و حیزبوڵڵای لوبنانی بە گواستنەوەی چەک و تەقەمەنی لە ڕێگای ئەو فڕۆکەخانەیەوە بە تاوانبار دەزانێت و تا ئێستا چەندین جار مۆڵگەکانی سپای پاسداران و هێزەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێرانی کردووەتە ئامانج.

هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ڕێژیمی ئێران تەنیا بەوەندە ڕانەوەستاوە و کێشراوەتە نێوخۆی ئێران و لە ماوەی ڕابردوودا چەندین مۆرەی بەدەسەڵاتی ئەو ڕێژیمە لە شارە جیاوازەکانی ئێران کوژراون کە ئیسرائیل کوشتنی چەندین کەس لەوانەی وەئەستۆ گرتووە.