کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیسرائیل و ئامریکا لەسەر بەرنامەی ناوکیی ئێران کۆ بوونەوە

19:03 - 3 خەرمانان 2720

وەزیری دەرەوەی ئامریکا لە سەردانێکدا بۆ ئیسرائیل جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ڕێژیمی ئێران هیچکات دەستی بە چەکی ناوکی ناگات.

ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٣ی خەرمانان، "مایک پۆمپێئۆ" وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی  ئامریکا لە سەردانێکدا بۆ وڵاتی ئیسرائیل باسی لەوە کرد، دەسپێڕاگەیشتنی ڕێژیمی ئێران بە چەکی ناوکی مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

"مایک پۆمپێئۆ" کە زنجیرە سەردانێکی بۆ وڵاتانی ئیسرائیل، سوودان، بەحرەین و ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی دەست پێکردووە، لە وڵاتی ئیسرائیل باسی لەوە کرد کە ئەمنییەتی ئیسرائیل بۆ وڵاتەکەی  گرینگە.

ناوبراو ڕایگەیاند، ڕێژیمی ئێران بە نیازە چەکوچۆڵ بە گرووپە توندئاژۆکان بدات.

"نێتانیاهۆ" سەرۆک وەزیری ئیسرائیل داوای نوێکردنەوەی سزاکانی سەر ڕێژیمی ئێرانی کرد و ئاساییکردنەوەی پێوەندیی نێوان ئیسرائیل و ئیماراتی بە دەستپێکی قۆناغێکی نوێ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زانی.

"مایک پۆمپێئۆ" لە درێژەی سەفەرەکەیدا بڕیارە لەگەڵ هاوتا ئیسرائیلییەکەی ئاڵووێری بازرگانیی ڕێژیمی ئێران و پێوەندیی نێوان ئیسرائیل و وڵاتانی ناوچەکە تاوتوێ بکات.

هەواڵدەریی "ڕۆیتێرز" لە زاری سەرچاویەکی ئاگادارکە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت، باسی لەوە کردووە کە ناوەرۆکی سەفەری وەزیری دەرەوەی ئامریکا، تاوتوێکردنی کێشەی چین و ڕێژیمی ئێران لە ناوچەکە‌دا دەبێت.