کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیسرائیل و مەراکێش لە بەرامبەر هەڕەشەکانی ئێران پەیمانی هاوبەشی بەرگرییان واژۆ کرد

12:18 - 4 سەرماوەز 2721

ئیسرائیل و مەراکێش بە ئامانجی پاراستنی بەرژەوەندیی نیشتمانی و ئەمنییەتی لە سێبەری نیگەرانییەکان بەنیسبەت هەڕەشەکانی ڕێژیمی ئێران لە ناوچەکە و میلیشیا توندڕەوەکان، پەیمانی بەرگرییان واژۆ کرد.

هەواڵدەریی ''ڕۆیتێرز'' باسی لەوە کردووە کە ''بێنی گانتز'' وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لە سەردانی خۆی بۆ مەراکێش وتوویەتی کە ئەو ڕێککەوتنە هاوکاریی ئیتلاعاتی، مامەڵەی چەکوچۆڵ و ڕاهێنانی هاوبەشی نیزامی لەخۆ دەگرێت.

سەفەری دوو ڕۆژەی وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لە حاڵێکدایە کە ئیسرائیل، ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی و بەحرەین مانۆڕێکی هاوبەشی نیزامی بەڕێوە دەبەن.

هەڕەشە و هەوڵە تێکدەرانەکانی ڕێژیمی ئێران لە ناوچە، نیگەرانییەکی زۆری دروست کردووە و بووەتە هۆی ئەوەیکە وڵاتانی عەرەبی دژی ڕێژیمی ئێران هاوپەیمانی ببەستن.