کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیسرائیل ڕێککەوتنەکانی لەگەڵ وڵاتانی ناوچە پەرە پێ دەدات

11:27 - 27 گەلاوێژ 2720

وەزیری زانیاریی ئیسرائیل لە پەیوەندی لەگەڵ ڕێککەوتنی وڵاتەکەی لەگەڵ وڵاتانی ناوچە ڕایگەیاندووە کە "بەحرەین"، "سوودان" و "عەمان" لە لیستی ئەو وڵاتانەدان کە دەیانهەوێت لەگەڵیان ڕێککەوتنی ئاشتی بکەن.

"ئێلی کۆهن" وەزیری زانیاریی ئیسرائیل ڕایگەیاندووە کە "عەمان، بەحرەین و سوودان" لە دەستووری کاری ئەو وڵاتەدایە بۆ ڕێککەوتنە ئاشتییەکانی دواتر لەپێناو ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکاندا.

"کۆهن" ڕۆژی یەکشەممە ٢٦ی گەلاوێژ، لە وتووێژیکی ڕادیۆییدا وتوویەتی: "ڕێککەوتنگەلێکی زیاتر بەدوای ڕێککەوتن لەگەڵ ئیمارات ئەنجام دەدرێت، هەم لەگەڵ وڵاتگەلێکی زیاتر لە کەنداو و هەم لەگەڵ وڵاتانی موسڵمانی ئافریقا".

ناوبراو هەروەها ڕایگەیاندووە: "من وا بیر دەکەمەوە کە بەحرەین و ئیمارات بەدڵنیاییەوە لە دەستووری کاردان".

بەحرەین و عەمان پیشوازییان لە ڕێککەوتنی ئاشتییانەی نێوان ئیمارات و ئیسرائیل کردووە، بەڵام بۆ ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل هیچ بۆچوونێکیان نەبووە.

چەند ڕۆژ ڕابردوو ئیسرائیل و ئیمارات ڕێککەوتنێکیان بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی ئەو دوو وڵاتە ئەنجام دا کە وەکوو ڕێککەوتنێکی گرینگ ناوی لێ دەبرێت و وڵاتانێک وەکوو ئێران کاردانەوەی نەرێنییان بەرانبەر بەو ڕێککەوتنە نیشان دا.