کوردستان میدیا: "ئیسماعیل بێشکچی" کەسایەتی ناوداری و دۆستی لە مێژینەی نەتەوەی کورد سەردانی دەفتەری نوێنەرایەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی لە هەولێر کرد.
ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٢٢ی ڕەزبەری ٢٧١٨ی کوردی، ئیسماعیل بێشکچی کەسایەتی ناوداری تورک و دۆستی لە مێژینەی نەتەوەی کورد بە هاوڕێیەتی هەرکام لە "ئیبراهیم گوربوز" و "ئەحمەد کانی" لە بەڕێوەبەرانی ناوەندی لێکۆلینەوەی بێشکچی لە ئامەد و هەولێر؛ سەردانی دەفتەری نوێنەرایەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی لە هەولێر کرد.
لەو سەردانەدا، بێشکچی و هەیئەتی هاوڕێی لە لایەن هەیئەتێکی دەفتەری نوێنەرایەتییەوە بە سەرپەرەستیی "محەممەد ساڵح قادری" نوێنەری حیزبی دێموکرت لە شاری هەولێر پێشوازییان لێکرا.
لەو دیدارەدا بێشکچی و هەیئەتی یاوەری وێڕای دەربرینی سەرەخۆشی و هاوخەمی خۆیان سەبارەت بۆ ئەو لێکەوتە مرۆییەی کە بە هۆی پەلامارە مووشەکییەکەی ڕێژیمی ئێرانەوە بۆ سەر کەمپ و بارەگاکانی حیزبی دێموکرات هاتووەتە ئاراوە، ئاوڕێکی لە مێژووی پڕ کارەساتی نەتەوەی کورد لە قۆناغە جیاجیاکانی مێژووییدا دایەوە و بە وەبیر هێناوەی ئەو ڕووداوانە و ڕۆلی نێگەتیڤی زلهێزان و پیلانی هەرکام لە وڵاتانی زاڵ بەسەر کوردستاندا، کە ڕێگر و بەربەست بوونە لە بە سەربەستی گەیشتنی گەلی کورد، وەبیری هێنایەوە کە تەنیا ڕێگای بەربەرەکانی و سەرکەوتنی گەلی کورد بەسەر ئەو هەمووه تراژیدیایەدا، پێکهێنانی یەکڕێزی نیشتمانی و جدییەتی ئەوان بۆ بەهێزکردنی ئەقلییەتی نەتەوەسازی و بونیادنانەوەی دەوڵەتی نەتەوەیی خۆیانە.
پاشان قادری وێڕای بەخێرهێنانی بێشکچی و هاوڕێیان یاوەری، سڵاوی "مستەفا هیجری" لێپرسروای گشتی و ڕێبەرایەتی حیزبی بە ناوبراو گەیاند و سوپاسی هاوسۆزی لەمێژینە و ڕۆل و خەباتی بێشکچی بۆ داکۆکی لە مافی کورد دەربری کە بەردەوام بە ڕێگای نووسین و بەڕێوەبردنی کۆڕ و کۆبوونەوەکانی توانیویەتێ خزمەتێکی گەورە لە بە جیهان ناساندی دۆزی ڕەوا و ڕزگاریخوازیی کورددا ببینێت.
لە درێژەی دیدارەکەدا محمەد ساڵح قادری باسی لە قەیرانەکانی سیستەمی دەسەڵاتداری ڕێژیمی ئێران لە ناوخۆی و دەرەوەدا کرد و پێشێلکارییە دژی مرۆییەکانی ئەو ڕێژیمەی دەرهەق بە گەلی کورد، بە ئامار بۆ بێشکچی روونکردەوە و دڵنیایی دایەوە کە سەرەڕای هەموو تاوان و پیلانی قەڵاچۆکردنمان لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە، بەڵام بەوپەڕی ئیرادەوە، بە هەموو ڕەهەندەکانی خەباتی ڕەواوە داکۆکی لە مافی سەروەری و چارەسەریی دادپەروەرانە و ئاشتیخوازی نەتەوەکەمان دەکەین .
ئیسماعیل بێشکچی لەدایکبووی ۷/۱/۱۹۳۹یە، لە ناوچەی ئیسکسلیپی سەر بە چۆرووم لە خێزانێکی تورک و بە دین حەنەفی لەدایکبووە. کەسایەتییەکی کۆمەڵناسی تورکە کە ماوەیەکی زۆر تەنها غەیرە کوردێک بوو کە هەموو ژیانی تەرخان کردوە بۆ پشتیوانی لە دۆزی کورد لە تورکیە و ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست. هەر بۆیە نازناوی "ساری هۆجا" بە تورکی لێنراوە، بە مانای "مامۆستا قژ زەردەکە"دێت. بێشکچی ئەندامی فەخری دامەزراوەی PENە.