کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیسکۆرتی پێشووی ئەحمەدی‌نژاد کوژرا

21:48 - 2 خەزەڵوەر 2715

کوردستان میدیا: کوژرانی ئەندامانی سوپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران لە چوارچێوەی گرووپە جیاوازەکاندا لە وڵاتی سووریە درێژەی هەیە و ئەمجارەیان ئیسکۆرتی پێشووی مەحموودی ئەحمەدی‏نژاد لە سووریە کوژرا.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی کە بڵاو بوونەتەوە، ڕۆژی هەینی ١ی خەزەڵوەری ١٣٩٤ی هەتاوی، ڕەمەزان شەریف بەرپرسی پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسدارانی ڕێژیم لە وتوێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی حکوومەتیی فارس ڕایگەیاند کە دوو ئەندامی ئەو دامەزراوە سەربازییە سەرکوتکەرە بەناوەکانی عەبدوڵلا باقری‏نیارکی و ئەمین کەریمی لە سووریە کوژراون.

ئەو دوو ئەندامەی سوپای پاسدارانی ڕێژیم لە ئەندامانی گرووپی سپاه انصار بوون.

هەروەها هەواڵدەریی فارس کە یەکێک لە هەواڵدەرییە فەرمییەکانی ئێرانە، هەواڵی کوژرانی ڕەزا خاوەری، یەکێک لە فەرماندەکانی تیپی فاطمیون لە سووریەی، بڵاو کردووەتەوە.

عەبدوڵلا باقری‏نیارکی یەکێک لە ئیسکۆرتەکانی پێشووی مەحموود ئەحمەدی‏نژاد سەرکۆماری پێشووی ئێران بووە کە ڕۆژی ڕابردوو لە سووریە کوژراوە.

ئیسکۆرتەکانی سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران، ئەندامانی بەشێکی تایبەتی سوپای پاسدارانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانن کە بەرپرسایەتی پاراستنی بەرپرسانی پایە بەرزی ئێرانیان لە ئەستۆدایە.

لە ماوەی رۆژانی رابردوودا بڵاو بوونەوەی هەواڵی کوژرانی هێزە نیزامییەکانی ئێران لە سوریا رووی لە زیادبوون کردووە.

رێژیمی ئێران کە هێزە سەربازی و بەکرێگیراوانی دەرەکی خۆی لە سوریا بە مدافعان حرم ناو دەبات ، رایگەیاندووە کە پاسدارانی ئێرانی تەنیا وەکوو راوێژکاری سەربازی لە سووریا چالاکی دەکەن.