کوردستان میدیا: بەهۆی سیاسەتە چەوتە ئابوورییەکانی ڕێژیم، نرخی هەڵاوسان بە شێوەیەکی بەرچاو ڕووی لە هەڵکشانە و پارێزگای ئیلام بەردەوام لە لووتکەی ئەو هەڵاوسانەدایە.
بەپێی هەندێک ئاماری بڵاوکراوە، هەنووکەش پارێزگای ئیلام لە کوردستانی ڕۆژهەڵات، لە لووتکەی هەڵاوسانی ئابووری لە ئێراندایە و تا ئێستاش ڕێژیم و دەسەڵات، هیچ هەوڵێکیان بۆ چارەسەرکردنی کێشە ئابوورییەکان لەو پارێزگایەدا نەداوە.
ئامارەکانی نرخی هەڵاوسان باس لەوە دەکەن، زۆرترین هەڵاوسانی خاڵ بە خاڵ، واتە لە سەرماوەزی ئەمسال بۆ سەرماوەزی ساڵی ڕابردوو، لە نێوان پارێزگاکانی ئێراندا تایبەتە بە "ئیلام" بە ٣٣.٣ لەسەدەوە.
هەروەها زۆرترین ئاماری هەڵاوسانی ١٢ مانگەی تێپەڕیو هەتا سەرماوەزی ئەمساڵ لە نێوان پارێزگاکانی ئێراندا، پەیوەندیدارە بە پارێزگای ئیلام بە ٤٩.٨ لەسەدەوە.
هەرلەو پەیوەندییەشدا پارێزگای ئیلام لە ڕووی هەڵاوسانی خاڵ بە خاڵی بنەماڵە شارییەکانەوە بە ٣٢.٣ لەسەد و هەڵاوسانی خاڵ بە خاڵی بنەماڵە گوندییەکان بە ٣٨.١ لەسەدەوە، لە ڕیزی یەکەمی خشتەی هەڵاوساندایە.
ئەم بارودۆخە نالەبارەی ئابووری لە پارێزگای ئیلامدا و کەمتەرخەمیی ڕێژیم بەرانبەر بە دۆخی ئەو پارێزگایە، کۆمەڵێک لێکەوتەی دڵتەزێنی تری لێ دەبێتەوە.
لە لێکەوتەکانی بارودۆخی ئابووریی ناجێگیر، خۆکوژییە کە پارێزگای ئیلام بە زۆرترین ئاماری خۆکوژییەوە لە جیهاندا، بە پێتەختی خۆکوژی ناسراوە و هۆکارە سەرەکییەکەی بۆ هەژاری و بێکاریی خەڵکی ئەو شارە دەگەڕێتەوە.