کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی بازرگانیی خۆی لەگەڵ ڕێژیمی ئێران هەڵپەسارد

18:35 - 21 جۆزەردان 2720

''دوبەی'' بازرگانی لەگەڵ چەند وڵاتی دیکەی دەست پێکردووە، بەڵام بازرگانی لەگەڵ ئێرانی بە هەڵپەسێردراوی ڕاگرتووە.

پێشتر چالاکانی ئابووری و بازرگانانی ئێرانی کەلوپەلەکانی خۆیان دەبردە  ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی، بەتایبەت "دوبەی" و لەوێوە هاوردەی ئێرانیان دەکرد، بەڵام چەند مانگێکە نەیانتوانیوە بۆ ئەو وڵاتە گەشت بکەن و کەلوپەلەکەیان بهێننەوە بۆ ئێران.

لە ئێستادا نەبوونی کەلوپەلی پێویست لە بازاڕەکاندا کێشەی زۆری بۆ دووکانداران، کاسبکاران و بازرگانانی ئێرانی دروست کردووە و ئەمەش خەسارێکی گەورەیە لە ئابووریی ئێران و گرانبوونی کەلوپەلەکان.

ناوەندێکی بازرگانیی ڕێژیمی ئێران ڕایگەیاندووە کە زۆربەی وڵاتانی ناوچەکە لە لە ئیماراتەوە کەلوپەلەکانی خۆیان هاوردە دەکەن، بۆیە هەرکات ئەو وڵاتە دەست بەسەر ئەو کەلوپەلانەدا بگرێت یان بازرگانیی خۆی لەگەڵ هەر وڵاتێکدا هەڵپەسێرێت یان بپچڕێنێت، ئەوە زۆر بە ئاسانی دەتوانێت لە ئابووریی ئەو وڵاتەدا شوێندانەریی نەرێنی دابنێت.

ئەو کەلوپەلە گرینگانەی لە ڕێگەی دەریاوە لە ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبییەوە هاوردەی ئێران دەکرێن بریتین لەو کەلوپەلانەی کە پەیوندییان بە ماشینەوە هەیە.