کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی دژی ڕێژیمی ئێران بڕیاری دا

12:55 - 13 پووشپەڕ 2718

کوردستان میدیا: لە دوای کشانەوەی ئامریکا لە بەرجام وڵاتانی جیهان و ناوچەکە بە مەبەستی بەرەنگاربوونەوە دژی سیاسەتە تێکدەرانەکانی ڕێژیمی ئێران پێوندییە ئابووری و سیاسییەکانیان لەگەڵ ئەو ڕێژیمە دەپچڕێنن.

بەپێی ڕاپۆرته بڵاوکراوەکان ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی، سامان و دارایی ژمارەیەک کەسایەتی و کۆمپانیای ڕێژیمی ئێرانی بلۆکە کرد کە ناویان خراوەته نێو لیستەی تێرۆرەوە.

بەپێی ئەو بڕیارەی ئیمارات سامان و دارایی ٩ کەسی سەر بە ڕێژیمی ئێران و کۆمپانیایەک بلۆکە کراوە.

بەپرسانی ئیماراتی ڕایانگەیاندووە، یەکێک لەو کەسانەی کە داراییەکانی بلۆکە کراوە بە میلیۆنان دۆلار پارەی بۆ هێزی قودس ناردووە کە سەر بە سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئێرانه.

دوای کشانەوەی ئامریکا لە ڕێککەوتننامەی بەرجام، هەتا ئێستە دەیان کۆمپانیای گەورەی جیهان، گرێبەستەکانی خۆیان لەگەڵ ئێران هەڵوەشاندووەتەوە و بە هیچ شێوەیەک هاوکاری ئێران ناکەن.

کشانەوەی ئەو کۆمپانیانە، ڕێژیمی ئێران و خەڵکەکەی تووشی قەیران کردووە و کۆمپانیا ئێرانییەکان و ئابووریی ئێران چەندین میلیارد دۆلار خەساریان بەرکەوتووە؛ ڕێژیمی ئیرانیش بۆ قەرەبووی ئەو خەسارانە بە دوای کۆمپانیا چینییەکانەوەیە تاکوو خەسارەکانی بۆ قەرەبوو بکەنەوە.