کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیمارات لە کاردانەوە بە هەڕەشەکانی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران باڵوێزی ئەو ڕێژیمەی بانگهێشت کرد

14:04 - 27 گەلاوێژ 2720

ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی لە کاردانەوە بە هەڕەشەکانی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران بەنیسبەت ئاساییکردنەوەی پێوندیی ئەو وڵاتە لەگەڵ ئیسرائیل، باڵوێزی ڕێژیمی ئێرانی بانگهێشت کرد و دەربڕینی توندی بە شێوەی نووسراوە ڕادەستی باڵوێزی ڕێژیمی ئێران کردووە.

بەپێی هەواڵدەرییەکانی ئیمارات، بانگهێشتی باڵویزی ڕێژیمی ئێران بەدوای قسەکانی ''حەسەن ڕووحانی''، فەرماندەکانی سپای پاسداران و هەندێک لە بەرپرسانی ئەو ڕێژیمە لە پێوەندی لەگەڵ ئاسایبوونەوەی پێوەندییەکانی ئیمارات و ئیسرائیل هاتووەتە ئاراوە.

وەزارەتی دەرەوەی ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی، لێدوانی هەڕەشەئامێزانەی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێرانی بە نابەرپرسانە لەقەڵەم داوە و وتوویەتی کە ئەمە دەتوانێت بۆ ئەمنییەتی ناوچەکە لێکەوتەی هەبێت.

لە نوێترین قسەکانی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران، ''محەممەد باقری'' بەرپرسی ستادی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم، ڕۆژی یەکشەممە ڕەخنەی توندی لە پێوندیی ئیمارات و ئیسرائیل گرت و هۆشداریی دا کە لەمە بەدواوە، هێزە نیزامییەکانی ئێران بە ڕوانگەیەکی دیکەوە چاو لە ئیمارات دەکەن.

ناوبراو باسی لەوە کردووە کە ئەگەر لە کەنداودا ڕووداوێک بێتە پێش کە زرەبە لە ئەمنییەتی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بدات، هەڵەکار ئیماراتە.

ڕۆژی پێنجشەممە ٢٣ی گەلاوێژ، ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی و ئیسرائیل لەسەر ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان ڕێککەوتننامەیەکیان واژۆ کرد.

لە دوای ئەو ڕێککەوتننامەیە، بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران و سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیم چەند جارێک هەڕەشەی توندیان لە ئیمارات کردووە و پێوندیی ئیمارات و ڕێژیمی ئێران چووەتە قۆناغێکی دیکەوە.