کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئینستاگرام لاپەڕەی فەرماندە تێرۆریستییەکانی سپای سڕییەوە

17:41 - 27 خاکەلێوه 2719

کوردستان میدیا: لە دوای سڕینەوەی لاپەڕەی ئینستاگرامی تێرۆریست قاسم سلێمانی، لاپەڕەی چەند فەرماندەی تێرۆریستی دیکەش داخران.

تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئینستاگرام دەستی بە سڕینەوەی لاپەڕەی فەرماندە تێرۆریستەکانی سپای تێرۆریستی پاسداران کردووە. ئەوەش دژکردەوەی کاربەدەستانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانی لێ کەوتووەتەوە. 

ئینستاگرام لاپەڕەی تێرۆریست قاسم سلێمانی، محەممەد جەعفەری فەرماندەی سپا، کەماڵی، زەرغامی و باقری سەرۆکی ستادی گشتیی هێزە چەکدارەکانی سڕیوەتەوه.

پاش ئەوەی کە چەندین جار لاپەڕە فەرمییەکانی خامنەیی ڕێبەری ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران و قاسم سلێمانی ـ فەرماندە لقی قودسی سپای تێرۆریستی پاسداران، لە لایەن تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی ئینستاگرام و تویتێرەوە، بە هۆکاری پاڵپشتیکردن لە تێرۆریزم داخران، تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئینستاگرام، جارێکی دیکە لاپەڕەی فەرمیی قاسم سلێمانیی داخست.

لە دوای ئەوەی کە ئامریکا سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانی وەکوو ڕێکخراوێکی تێرۆریستی ناساند و ڕۆژی دووشەممە ئەو بڕیارەی بەکردەیی کرد، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش بە شێوەی سڕینەوەی لاپەڕەی بەرپرسانی ئەو ڕێکخراوە تێرۆریستییە، پشتیوانیان لەو بڕیارەی ئامریکا کرد.

لە ماوەی کەمتر لە یەکساڵی ڕابردوودا، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی ئیسنتاگرام، تویتێر، فەیسبووک و یوتیووب، بە هۆکاری پێشێلکردنی یاسا و ڕێساکانی ئەو کۆمپانیانە لە لایەن ڕێژیم و کاربەدەستەکانییەوە، چەندین پۆستی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێرانیان سڕیوەتەوە و زیاتر لە سەدان لاپەڕە و کاناڵی تایبەت بە ڕێژیم و کاربەدەستانی ڕەش کراونەتەوە.