کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئینستاگرام لاپەڕەی فەرمیی فێدراسیۆنی ماشینسواریی ئێرانی داخست

12:28 - 11 خەزەڵوەر 2720

ئینستاگرام لاپەڕەی فەرمیی فێدراسیۆنی ماشینسواریی ئێرانی بەهۆی بڵاوکردنەوەی وێنە و هێمای تێرۆریست "قاسم سلێمانی" داخست.

هەواڵدەرییەکان بڵاویان کردووەتەوە، تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئینستاگرام لاپەڕەی فەرمیی فێدراسیۆنی ماشینسواریی ئێرانی بەهۆی بڵاوکردنەوەی وێنە و هێمای تێرۆریست "قاسم سلێمانی" داخستووە.

ئینستاگرام لە وڵامی ناڕەزایەتیی کۆمیتەی پەیوەندییەکانی فێدراسیۆنی ماشینسواریی ئێران وتوویەتی: "هۆکاری داخستنی لاپەڕەی ئەو فێدراسیۆنە، بڵاوکردنەوەی ناوەڕۆکی دژ بە سیاسەتەکانی ئینستاگرام بووە".

هەروەها لە چەند ڕۆژی ڕابردووشدا ئینستاگرام لاپەڕەی فەرمیی فەرانسەوی زمانی "عەلی خامنەیی" ڕێبەری ڕێژیمی ئێرانی داخست.

داخستنی لاپەڕەی فەرانسەویی ئینستاگرامی خامنەییش بەهۆی داوای ناوبراو لە لاوانی فەرانسە بووە کە وتوویەتی، "ئێمانۆئێل ماکرۆن" سەبارەت بە مافی ئازادیی ڕادەربڕین ببەنە ژێر پرسیار.

پاش داخستنی ئەو لاپەڕەیە لەلایەن ئینستاگرامەوە، لاپەڕەیەکی دیکە بە زمانی فەرانسەوی بۆ جێگرەوەی لاپەڕەی داخراو دانراوەتەوە.

ئەمە چەندین جارە کە ئینستاگرام لاپەڕەی فەرمیی کەس و ناوەندەکانی ڕێژیمی ئێران بەهۆی لادان لە سیاسەتەکانی ئینستاگرام دادەخات.