کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئینستاگرام، لاپەڕەی فەرمیی قاسم سلێمانیی داخست

12:43 - 27 خاکەلێوه 2719

کوردستان میدیا: تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئینستاگرام، جارێکی تر لاپەڕەی فەرمیی قاسم سلێمانی ـ فەرماندەی لقی قودسی سپای تێرۆریستی پاسدارانی داخست.

پاش ئەوەی کە چەندین جار لاپەڕە فەرمییەکانی خامنەیی ڕێبەری ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران و قاسم سلێمانی ـ فەرماندە لقی قودسی سپای تێرۆریستی پاسداران ـ، لە لایەن تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی ئینستاگرام و تویتێرەوە، بە هۆکاری پاڵپشتیکردن لە تێرۆریزم داخران، تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئینستاگرام، جارێکی دیکە لاپەڕەی فەرمیی قاسم سلێمانیی داخست.

پێشتر، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی ئیسنتاگرام و تویتێر، جیا لەوەی کە بە هۆکاری پێشێلکردنی یاسا و ڕێساکانی ئەو تۆڕە کۆمەڵایەتییانە لە لایەن بەرپرسانی ڕێژیمەوە، چەندین پۆستی بەرپرسانی باڵای ڕێژیمی ئێرانیان سڕیوەتەوە، لە ئەگەری دووپاتکردنەوەی ئەو پۆستانە ئاگادرایی سڕینەوە لاپەڕەکەیان داوە.

بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران، بەتایبەتی خامنەیی ڕێبەری ڕێژیم و قاسم سلێمانی، بایەخیان بە ئاگادارییەکان نەداوە و بە بڵاوکردنەوە وێنەی میلیشیا تێرۆریستییەکان و بەرپرسانی گرووپە تێرۆریستییەکانی ناوچەکە و جیهان، پاڵپشتییان لەو گرووپە تێرۆریستییانە کردووە، کە بەم هۆکارە چەندین جار لاپەڕە فەرمییەکانیان سڕدراوەتەوە.

هەر لەم پەیوەندییەدا، پێشتریش تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئینستاگرام، بە هۆی پێشێلکردنی یاساکانی ئەو تۆڕە کۆمەڵایەتییە، پۆستێکی حوسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان، ڕاوێژکاری سەرۆکی مەجلیسی ڕێژیمی ئێران سڕییەوە، کە بە بڵاوکردنەوەی وێنەی حەسەن نەسروڵڵا، ڕێبەری گرووپی تێرۆریستیی حیزبوڵڵای لوبنان، پاڵپشتی لەو گرووپە دەربڕیبوو و لە ئەگەری دووپاتکردنەوە ئەو پۆستە ئاگاداریی سڕینەوەی لاپەڕەکەی پێ دراوە.

لە ماوەی کەمتر لە یەکساڵی ڕابردوودا، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی ئیسنتاگرام، تویتێر، فەیسبووک و یوتیووب، بە هۆکاری پێشێلکردنی یاسا و ڕێساکانی ئەو کۆمپانیانە لە لایەن ڕێژیم و کاربەدەستەکانییەوە، چەندین پۆستی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێرانیان سڕیوەتەوە و زیاتر لە سەدان لاپەڕە و کاناڵی تایبەت بە ڕێژیم و کاربەدەستانی ڕەش کراونەتەوە.