کوردستان میدیا: لە کۆڕێکدا، پەردە لەسەر ئالبۆمە نوێیەکەی "یەدێ شاکری" لادرا و ئەم بەرهەمە خرایە بەر دەستی گوێگرانیەوە.
ڕۆژی سێشەممە، ١٥ی گەلاوێژ، ئەنجومەنی فەرهەنگی- هونەریی "ڤەژین" لە مەریوان، کۆڕێکی بەمەبەستی پەردەلان لەسەر ئالبۆمە نوێیەکەی هونەرمەند "یەدێ شاکری"، لە هۆڵی "موجتەمەعی فەرهەنگیی ئێرشاد"، بەڕێوە برد.
لەم کۆڕەدا، هونەرمەند "یەدێ شاکری" چەند بەرهەمێکی لە ئاڵبومە نوێیەکەی پێشکەشی بەشداربووان کرد. هەروەها "دوکتور حامد کۆنەپۆشی و دوکتور مەحموود موبارەکشاهی"، لەم بارەوە چەند وتەیەکیان پێشکەش کرد.
هەر لەو کوڕەدا، ئالبۆمە نوێیەکەی ئەم هونەرمەندەی ژەنیاری ئامێری دیوان، فرۆشرایە بەشداربووانی کۆڕەکە.
"یەدوڵڵا شاکری" ناسراو بە "یەدێ شاکری"، گۆرانیبێژ و ژەنیاری ئامێری دیوان، لە ١ی ڕەزبەری ١٣٥٦ی هەتاوی لە شاری سنە لەدایک بووە و زۆرتر لە ٢٠ ساڵە کاری هونەری دەکات و چەند بەرهەمێکی تۆمار کردووە.
ناوەندی فەرھەنگی- ھونەریی ڤەژین، بەڕێوەبەری ئەم کۆڕە، ناوەندێکی فەرهەنگی هونەرییە کە تایبەت لەسەر فەرهەنگ و هونەری فۆلکلۆری کوردی کار دەکات. ئەم ڕێکخراوە ناحکوومییە لە ساڵی ٢٠٠٤ـەوە دامەزراوە و نووسینگە سەرەکییەکەی لە شاری مەریواندایە.