کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یەمەن: پاشگەزبوونەوە لە بە تێرۆریستی ناسینی حووسییەکان دیارییەک بۆ ئێرانە

11:21 - 20 رێبەندان 2720

دەوڵەتی یاسایی یەمەن بەنیسبەت لێکەوتەکانی پاشگەزبوونەوە لە بە تێرۆریستی ناسینی میلیشیا چەکدارەکانی حووسی هۆشداریی داوە.

دەوڵەتی یاسایی یەمەن ڕۆژی یەکشەممە ١٩ی ڕێبەندان، ڕایگەیاندووە کە پاشگەزبوونەوە لە بە "تێرۆریست ناسینی" حووسییەکان، دیارییەکی بێ بەرانبەرە بە ڕێژیمی ئێرانە و سیاسەتە تێکدەرانەکانی لە ناوچەکەدا پاڵپشتی دەکات و بەرژەوەندییە نێونەتەوەییەکان دەخاتە مەترسییەوە.

"مەعمەر ئەلئەریانی" وەزیری زانیاری گەیاندنی یەمەن لە بەیانییەیەکدا ڕایگەیاندووە کە ئەگەری هەیە کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا لە بە تێرۆریستی ناسینی حووسییەکانی یەمەن پاشگەز ببێتەوە و ئەمە دەتوانێت پەیامگەلێکی هەڵە بە حووسییەکان و بە دوای ئەویشدا بە ئێران بگەیەنێت تا درێژە بە ئاژاوەنانەوە و جەنایەت و پێشێلکارییەکانیان لە ناوچەکەدا دژ بە خەڵکی سڤیل بدەن.

"ئەلئەریانی" لەدرێژەدا وتوویەتی: "لایەنەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان گوشارگەلێکیان خستۆتە سەر میلیشیاکان تا چالاکییە نیزامییەکان لە شاری ئەلحەدیدە بە بیانووی قەیراناویبوونی دۆخی مرۆیی ڕاوەستێت و دەوڵەتی یەمەنیش بە پێداگری لەسەر ئاشتی وڵامی ئەو بانگەوازە ئەرێنییانەی داوەتەوە و لە وتووێژەکانی ستۆکهۆڵم کە بۆ دەستپێڕاگەیشتن بە ڕێککەوتنێک بۆ چوونەدەرەوەی میلیشیا حووسییەکان لە شاری ئەلحەدیدە، گۆڕینەوەی دیلەکان و دزراوەکان و...بەشداریی کرد".

ناوبراو هەروەها ڕایگەیاندووە کە دوو ساڵ پاش ئەو ڕێککەوتنە بە کردەوە شتێک بەدەست نەهاتووە و میلیشیا چەکدارەکان درێژەیان بە کردنە ئامانجی خەڵکی سیڤیل، گوندەکان، خانووەکان و مەزراکان داوە و هەروەها کاولکارییەکانیان لەوێدا زیاتر کردووەتەوە.

ئەلئەریانی ڕایگەیاندووە کە ئەو ڕاستییانە دەریدەخات کە پاشگەزبوونەوە لە بە تێرۆریستی ناسینی ئەو میلیشیاگەلە لەلایەن ئامریکاوە دۆخی قەیراناویی یەمەن ئاڵۆزتر دەکات و دەستپێڕاگەیشتنی یەمەن بە ئاشتی ئەستەم دەکاتەوە.

ئەلئەریانی هەروەها وتوویەتی کە ئاوا بڕیارێک بێهیوایی بەربڵاوی خەڵکی یەمەن بەدوای خۆیدا دێنێت و دەبێتە هۆی گەشەی سیاسەتە کاولکارانەکانی تاران لە ناوچەکەدا و بەرژەوەندییە نێونەتەوەییەکان دەخاتە مەترسییەوە.