کوردستان میدیا

پێنجشەممه 23ی گەلاوێژ 2720
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یەکگرتوویی خەڵک بەسەر هێزی ئینتزامیی ڕێژیمدا سەر کەوت

18:00 - 7 گەلاوێژ 2720

هێزە ئینتزامییەکانی ڕێژیم لە ناوچەی هەورامان و جوانڕۆ تەقەیان لە ماشینی کاسبکارێک کردووە و ویستوویانە دەست بە سەر باری ماشینەکەدا بگرن کە لەلایەن خەڵکەوە پێشیان پێ گیراوە.

ڕۆژی دووشەممە ٦ی گەلاوێژ، هێزە تاڵانکەرەکانی ڕێژیم لە ناوچەی هەورامان و جوانڕۆ و لە نزیک ئاوایی "مەزیدی" لە جادەی باینگان کەمینیان بۆ ماشینی کاسبکاران ناوەتەوە و گرفتیان بۆ کاسبکارانی ناوچەکە دروست کردووە و بە بێ هیچ ئاگادارکردنەوەیەکی پێشوو تەقەیان لە ماشینی خەڵک کردووە.

ئەو هێزانەی ڕێژیم تەقەیان لە ماشینی کاسبکارێکی دیکە کردووە و ویستوویانە دەست بە سەر باری ماشینەکەدا بگرن کە خەڵکی ئاوایی "بانەوڕێ" و دەورووبەری؛ یەکگرتووانە بە هانای ئەو کاسبکارەوە چوونە و ڕێگەیان نەداوە هێزەکانی ڕیژیم دەست بە سەر کەلوپەلی ئەو کاسبکارەدا بگرن.

لەو کاتەدا لە نێوان هێزی یەکگرتووی خەڵک و هێزە تاڵانچییەکانی ڕێژیم تێکهەڵچوون هاتووەتە ئاراوە و هەتا درەنگانێک ئەو تێکهەڵچوونە بەردەوام بووە و خەڵک توانیویانە بەسەر ئەو هێزەی ڕێژیم سەر کەون و هێزەکانی ڕێژیم بگەڕێنەوە مۆڵگەکانیان.