یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان بەبۆنەی ٢ی ڕێبەندان ساڵڕۆژی دامەزراندنی کۆماری کوردستان، پەیامێکیان ڕوو لە خەڵکی و کوردستان و چین و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگا بڵاو کردەوە.
دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:
هاونیشتمانیانی کوردستان!
چین و توێژەکانی کۆمەڵگا!
خوێندکاران و خوێندەڤانانی کوردستان!
بەبۆنەی ساڵوەگەڕی دامەزراندنی کۆماری کوردستان، لە ٢ی ڕێبەندانی ۱۳۲٤ی هەتاوی، لەسەر دەستی پێشەوای نەمر "قازی محەممەد" و هاوڕێیانی، پیرۆزبایی خۆمان ئاراستەی سەرجەم کوردستانیانی ئازیز، خوێندکارانی زانکۆکان و ناوەندە ئاکادیمیکییەکانی کوردستان دەکەین.
زانکۆ و خوێندکار لە بەرنامە و بیری دامەزرێنەران و ئینتلێکچوالی کۆماری کوردستاندا بنەمایەکی دێموکراتیک و مودێڕن بوو کە بە ناردنی یەکەمین خوێندکاران بۆ دەرەوەی وڵات باوەڕیان بە ئەرکی مێژوویی خوێندکار وەک داینامۆی گۆڕانکارییەکانی نێو کۆمەڵگا و هێزی فکری و ڕۆڵی کاریگەر لەسەر پەرەسەندنی شوناسی نەتەوەیی، بە مەبەستی بنیاتنانی دەوڵەتێکی کوردی دەردەکەوێت. ئەمڕۆ بوونی خوێندکاران لە خەبات بەتایبەتی شاخ و لە مەتەرێزی پێشمەرگایەتییەوە، سەلمێنەری ئاڵاهەڵگریی خەباتی ڕزگاریخوازانەی خوێندکارانە کە بە میرات لە کۆماری کوردستان وەری گرتووە.
خوێندکارانی خۆشەویست!
سیستەمی کۆنەپەرستی کۆماری ئیسڵامیی ئێران و عەقڵییەتی داگیرکارانە، هەوڵ دەدات دەست بەسەر هەموو جمگەکانی کۆمەڵگادا بگرێت و پێکهاتەی کۆمەڵایەتی بۆ بەرژەوەندی و ستراتێژیی ئایدۆلۆژیکیی خۆی بگۆڕێت و کەس لە هەمبەر ئەو سیاسەتە نادێموکراتیکە دژەمرۆییانەدا متەقی لێ نەیەت. پاککردنەوە و سڕینەوەی دەنگ و ڕەنگەکانی کۆمەڵانی خەڵک تایبەتمەندیی بیری دوگم و ئێخڵاقی مردووی داگیرکارە. لەم ساتە مێژووییەدا ئەرکی ئەساسیی خوێندکارانە لە بەرانبەر وەها سیاسەتگەلێکی سیستماتیکدا، بە پەرەدان بە وشیاری و ئاگاییی گشتی و هەوڵدان بۆ "پتەوکردنی هاوخەباتیی زانکۆ و شەقام و شاخ" و بە ڕێکخستنی بەرخۆدانی نەتەوەیی لە سەرتاسەری نیشتمان ئەرکی مێژوویی خوێندکار بەجێ بێنین، مێژوو سەلمێنەری ئەم ڕاستییەیە کە ناوەندگەرایی و بیری داگیرکاری لە جوغرافیای ئێراندا بەشێکە لە دەسەڵاتداری و پێکهاتەی سیاسی، هەر بۆیە ڕووبەڕووبوونەوەی دوو سیستەمی پاشایەتی و کۆماری ئیسلامی بەنیسبەت پرسی کورد تەنیا چەوساندنەوە، سڕینەوەی شوناس و سەرەڕۆیی دەسەڵات، لەمەڕ داخوازیی نەتەوەیی کورد بووە. هەر بۆیە ئەرکی سەرشانی ئێمەیە ڕخنەگرانە و شۆڕشگێرانە درێژە بە خەباتێک بدەین کە ۷٥ ساڵ لەوەپێش دەستی پێکردووە و هەنووکە بەردەوامە؛ ئەرکی ئێمەیە کە دژ بە پڕوپاگاندە و عەقڵییەتی ناوەندگەرای سیستەم ڕاوەستین و ڕیشەی زوڵم و ستەم لە بن دەر بێنین.
هاونیشتمانیانی بە شەرەفی کوردستان!
هەروەک دەزانن کۆمەڵگاکەمان بە دەست بیری دواکەوتوو و شوڤێنیستییەوە دەناڵێنێت و هێشتا نیشتمانمان ڕزگار نەبووە و ڕۆژ نییە کە بێڕێزی بە کەرامەتی مرۆیی و نەتەوەییمان نەکرێت، کۆماری کوردستان ئەزموونی بەنرخی ژیانێکی ئازاد و سەربەستانە و بەدوور لە ژێردەستەیی بوو، بۆیە پێویستە هەموومان بۆ دووبارە بەدەستهێنانی ئەم سەروەرییە نەتەوەیییە تێبکۆشین و کۆمار ببێت بە چرای ڕێگای بنیاتنانەوەی نیشتمانەکەمان.
سەرکەوێت خەباتی ڕزگاریخوازیی نەتەوەکەمان
بڕووخێت سیستەم و عەقڵییەتی خۆسەپێن و داگیرکارانە
ڕێکخراوی یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان
۱ی ڕێبەندانی ساڵی ٢٧٢٠ی کوردی
۲۰ی ژانویەی ساڵی ۲۰۲۱ی زایینی