یەکیەتیی دێموکراتی کوردستان بەبۆنەی یادی ٧٥ ساڵەی دامەزراندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئیران پەیامێکی پیرۆزبایی بۆ حیزبی دێموکرات نارد.
دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:
بەڕێزان، ئەندامانی سەرکردایەتی و پێشمەرگە و ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، وەک یەکیەتیی دێموکراتی کوردستان، ٧٥ـەمین ساڵڤەگەڕی دامەزراندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانتان لێ پیرۆز دەکەین.
حیزبی دێموکراتی کوردستان، ئەو شانازییەی پێ بەخشراوە کە وەک یەکەمین حیزبی سیاسیی هاوچەرخ لە کوردستانی ئێراندا پێ بنێتە گۆڕەپانی خەباتی ڕزگاریخوازی و دێموکراسیخوازی و مافخوازیی گەلەکەمان لە کوردستانی ئێران.
مێژووی پڕ لە هەوراز و نشێوی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران شاهیدیی ئەوە دەدات کە بۆ بەدەستهێنانی مافی گەلی کورد لە ئێراندا، هەتا چەندە قوربانیی داوە و هاوکات دامەزراندنی کۆماری کوردستان وەک یەکەمین ئەزموونی سیاسیی مۆدێرن لە مێژووی هاوچەرخی کورددا، شانازییەکی تری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانە.
دیارە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران هەر لە سەرەتای بە دەسەڵات گەیشتنی ڕێژێمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، هەست بە مەترسیی دەسەڵاتداریەتیی ئەو ڕێژیمە دەکات و بوێرانە و ئازایانە بەرهەڵستی ئەو دەسەڵاتە دەبێتەوە و ئەنجامی دەسەڵاتداریی کۆماری ئیسلامی ڕەوایەتیی خەبات و تێکۆشان و هەڵویستی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە ڕێبەرایەتیی شەهید دوکتور قاسملوو نیشان دەدات و کۆڵنەدان بە سەپاندنی سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی شانازییە بۆ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران.
جێگای خۆیەتی لێرەوە ئەو داواکارییە دووبارە بکرێتەوە بە لە بەرچاوگرتنی پێگەی مێژوویی و سیاسی و هەروەها کۆمەڵایەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ئێران، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەگەڵ هاوڕێیانی حیزبی دێموکراتی کوردستان یەک بگرنەوە و بەهێزتر لە جاران لەم قۆناغە گرینگەی خەباتدا و لەم دۆخە هەستیارەی کوردستان و ئێران و ناوچەکەدا قورسایی بۆ خەباتی گەلی کورد لە کوردستانی ئێران بگێڕنەوە.
لە کۆتاییدا، بەڕێزان ئەندامانی سەرکردایەتی و پێشمەرگە و ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، وەک یەکیەتیی دێموکراتی کوردستان، ٢٥ی گەلاوێژ و ٧٥ـەمین ساڵڤەگەڕی دامەزراندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانتان لێ پیرۆز دەکەین و جێگای خۆیەتی کە لەم ڕۆژەدا سەری ڕێز و وەفا بۆ شەهیدانی کورد و کوردستان، تایبەتی شەهیدانی حیزبی دێموکراتی کوردستان دابنوێنین.
وێڕای پیرۆزبایی ئەو ڕۆژە، هیواخوازین کە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەهێزتر و یەکگرتووتر لە هەموو کات لە گۆڕەپانی سیاسی و خەباتی ئازادیخوازی و مافخوازیی نەتەوەکەمان لە کوردستانی ئێران، ئامادەیی و بوونی هەبێ.
هیوای سەرکەوتن و بەردەوامبوونتان لە خەباتدا بۆ دەخوازین.
بژی کورد و بژی کوردستان
٢٦ی ژووئیەی ٢٠٢٠ی زایینی