یەکیەتی زانایانی ئایینیی کوردستانی ئیران لە پەیامێکدا بەبۆنەی ١٠ی خاکەلێوە بڵاوی کردووەتەوە، شان بە شانی تێکۆشەرانی کوردستان لەگەڵ ڕێبازی شەهیدان پەیمان نوێ دەکەینەوە.
دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:
هاونیشتمانییانی بەڕێز، باوەڕدارانی ئایینی، حیزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان!
بەبۆنەی ١٠ی خاکەلێوەوە پێویستە جارێکی دیکە یادی بەرزەپیاوانی گەلەکەمان کە بوێرانە دەنگی ئازادیخوازی و ڕزگاریی نەتەوەییان بەرز ڕاگرت و لەو پێناوەشدا سەربەرزانە گیانی پاکی خۆیان کردە هەوێنی ئازادیخوازی و سەربەستیی نیشتمان بەرز بنرخێنین و ڕێزیان لێ بگرین.
١٠ی خاکەلێوەی ساڵی ١٣٢٦ی هەتاوی قازی محەممەد، پێشەوای گەلەکەمان و سەرکۆماری کوردستان، وێڕای چەندین هاوڕێی تێکۆشەر لە چوارچرای شاری مهاباد لەلایەن ڕێژیمی دیکتاتۆری حەمەڕەزاشا کە خۆی بە سێبەری خودا پێناسە دەکرد لەسێدارە دران و کۆتایی بە کۆماری کوردستان هات.
پێشەوای مەزن لەو سەردەمەدا بە حەق گوڵێک بوو لەنێو بیاوان سەری هەڵ دا و بوو بە مەشخەڵی ڕاسان و بەرخۆدانی کوردان، ئەگەرچی پێش دامەزرانی کۆماری کوردستان و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، چەندین شۆڕشی ڕزگاریخوازیی نیشتمان هەبوون بەڵام شۆڕشی نوێ شۆڕشێکی دێموکراتیک و سازماندراو و خاوەن پرەنسیپێکی مودێڕن و بەرنامەیەکی تۆکمەی سیاسی بوو، ئەگەر بە سەرنجەوە و بە ڕوانگەیەکی سیاسی و زانستییەوە سەیری دامەزرانی حیزبی سیاسی و کۆماری کوردستان بکەین لەنێو بڵێسەی ئاگری شەری دووەمی جیهانیدا نرخ و پایەی گرنگی کۆماری کوردستان ڕوون دەبێتەوە.
هەرچەند کۆماری کوردستان تەنیا ١١ مانگی خایاند، بەڵام چەندین تەوەر و فاکتەری گرینگی بۆ دوای خۆی کردە موڵکی هەمیشەیی گەلەکەمان، یەکەم لەژێر ئاڵای کۆماری کوردستاندا بەیداخێکی نەتەوەیی دروست کرا، دووەم سروودی نەتەوەیی "ئەی ڕەقیب"، سێیەم ناوی پیرۆزی پێشمەرگە بۆ خەباتکارانی کورد هەڵبژێردرا.
١٠ی خاکەلێوەی هەموو ساڵێک پێمان دەڵێت، پێشەوا قازی محەممەد گیانی خۆی فیدای ئاوات و ئامانجەکانی نەتەوەی کورد کرد و سڵی لە پەتی سێدارەی دوژمن نەکردەوە چوونکە هەم لە ڕووی مافی ئینسانی هەمیش لە ڕووی ئایینییەوە ڕێبازەکەی پیرۆز و ڕێگەپێدراو دەزانی، بۆیە ئەرکە لەسەر شانمان خەبات و قوربانی و گیانبازییان فەرامۆش نەکەین و بە وەفاوە پەیمان و بەڵێن نوێ بکەینەوە، ئێمە هەمان ڕاسانییەکانی ١٣٢٦ی هەتاوین، ڕاساوین و کۆڵ نادەین هەتا وەدیهاتنی ئامانجەکانی کۆماری کوردستان و بە دەنگی بەرزەوە دەڵێین کۆمار موڵکی هەموو کوردستانە و ١٠ی خاکەلێوە ڕۆژی شەهیدانی کوردستانە.
یەکیەتیی زانایانی ئایینیی کوردستانی ئێران شان بە شانی تێکۆشەرانی کوردستان پەیمانی پشتیوانیی خۆی نوێ دەکاتەوە و داواکارین لە ڕێبازی شەهیدانی ڕێبەرمان ماندوو نەبین و ڕاسانی ئەمجارەمان ڕاسانی گەلی کورد بێت.
بەرز و بەڕێز بێت یادی پێشەوای مەزن و هەموو شەهیدانی کورد و کوردستان.
یەکیەتیی زانایانی ئایینیی کوردستانی ئێران
٨ی خاکەلێوەی ١٤٠٠ی هەتاوی