کوردستان میدیا

یەکشەممە 3ی رێبەندان 2721
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی "یزاکا" سەبارەت سەپاندنی ٥ ساڵ زیندانی بە سەر "زارا محەممەدی"

11:43 - 14 بەفرانبار 2721

یەکیەتیی زانایانی ئایینیی کوردستانی ئێران سەبارەت بە سەپاندنی سزای ٥ ساڵ زیندانی بەسەر "زارا محەممەدی" پەیامێکی ڕوو لە کۆمەڵانی خەڵک و لایەنە سیاسییەکان بڵاو کردەوە.

دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:

هاونیشتمانییان و لایەنە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان!

هەروەک ئاگادارن کۆماری بەناو ئیسلامیی ئێران لە دژایەتی نەتەوەی کورد و مافە ڕەواکانی گەلی کورد و گەلانی ستەملێکراوی ئێران لە هیچ چەشنە بێڕێزی  و ستەمکاری و جینایەتێک خۆی نابوێرێت و ئەشکەنجە و زیندانی و کوشتنی لاوان و ڕێگریکردن لە خوێندن بە زمانی دایکی و ئەو مافانەی خودای گەورە لە قورئانی پیرۆزدا بۆ مرۆڤایەتیی باسی فەرمووە، بە دڕندانەترین شێوە دژایەتی دەکات و خەریکە بە شێوەیەکی سیستماتیک نەتەوە جیابیر و غەیرە فارسەکان لە شوناسی نەتەوەیی بێبەش دەکات.

زارا محەممەدی ئەم کیژە دڵسۆز و بوێرە تەنیا بە تاوانی وانەوتنەوەی کوردی سزای پێنج ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندراوە. ئەم ستەمە دژە مرۆییە بە هیچ شێوەیەک لە ڕوانگەی ئایینی ئیسلام و پەیماننامەکانی جاڕنامەی مافی مرۆڤ قەبوڵکراو نییە، بۆیە ئەرکی ئایینیی هەموو ئازادیخوازان و گەلی کوردە کە دژایەتیی ئەم سزا نامرۆڤانەیە بکەن و لە بەرانبەر ئەم ناعداڵەتی و بێڕێزییە بووەستنەوە ،چونکە ئەمڕۆ زارا تەنیا کەسێک نییە بەڵکوو دایک و خوشک و کچی هەموو کوردی ڕۆژهەڵاتە و شەرەفی هەر کوردێکە کە ڕێژیمی دژە کوردی ئێران خەریکە پێشێلی دەکات!

داواکارین لە بەرانبەر ئەم سزایە بێدەنگ نەبن و هەموومان ببین بە زارا محەممەدی و شەرەف و نامووسی کوردستان بپارێزین.

بڕووخێت ڕێژیمی ستەمکاری ئاخوندیی ئێران

بژی کورد و کوردستان

یەکیەتیی زانایانی ئایینیی کوردستانی ئێران

١٣ی بەفرانباری ساڵی ١٤٠٠ی هەتاوی