یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان لە دووتوێی پەیامێکدا پیرۆزبایی ٧٥ـەمین ساڵڕۆژی دامەزراندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و یووبیلی ئەڵماسیی حیزب کرد.
دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:
بەڕێز/ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
بابەت/ پیرۆزبایی
سڵاوێکی گەرم...
بەبۆنەی "حەفتا و پێنجەمین" ساڵوەگەڕی دامەزراندن و "یووبیلی ئەڵماسیـ"ـی حیزبە تێکۆشەرەکەتان، پیرۆزبایی لە لێپرسراوی گشتی و ئەندامانی دەفتەری سیاسی و کۆمیتەی ناوەندی و کەسوکاری شەهیدان و تەواوی پێشمەرگە و ئەندامەکانتان دەکەین.
دیارە کە لە مێژووی خەباتی پڕسەروەریی حیزبی دێموکرات، سەرباری ئاستەنگ و دژواری و ڕێگەی خەبات، دەسکەوتی گەلێک مەزنی بۆ گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەدەست هێناوە، لەم پێناوەشدا هەر لە سەرەتاوە، ڕێبەرانی حیزب سەرقافڵەی کاروانی شەهیدانیان گرتووە کە له پێشەوا قازی، شەهید دوکتور قاسملوو و شەهید سادقی شەرەفکەندی، نموونەی هەرە دیار و بەرجەستەی ئەو تێکۆشانە مەزنە بوون.
جێی بایەخە کە یەکیەتی و حیزبی دێموکرات لە زۆر وێستگەی ژیانی سیاسی و پێشمەرگایەتیدا هاوکار و پشتیوانی یەکدی بوون کە ئەم دۆستایەتی و هاوپیشەییە، لە فکری پڕ حیکمەتی سەرۆک مام جەلال و شەهید دوکتور قاسملووەوە سەرچاوەی گرتبوو کە جێ پەنجەی بە سەر نەخشی زۆر ڕووداوی سیاسییەوە هەبوو.
دووبارە ئەم یادە پیرۆز دەکەین و سڵاو دەنێرین بۆ گیانی پاکی شەهیدان.
لەگەڵ ڕێزدا
سالار سەرحەد خەلیفه یونس
ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی (ی.ن.ک)
ل. بۆردی پێوەندییە کوردستانییەکان
١٣ی ئاگۆستی ٢٠٢٠