کوردستان میدیا: حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و یەکیەتیی نیشتمانی کوردستان لەبارەی پرسەکانی ڕۆژ دانوستانیان کرد.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، سەر لە بەیانی ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ٢٥ی گەلاوێژی ١٣٩٧ی هەتاوی، هەیئەتێکی مەکتەبی سیاسی یەکیەتیی نیشتمانی کوردستان بە سەرپەرەستی بەڕێز "سەعدی ئەحمەدپیرە" ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکیەتی سەردانی دەستەی کارگێڕی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیان کرد و لە لایەن هەیئەتێکی حیزبەوە بە سەرپەرەستی بەڕێز "مستەفا هیجری" لێپرسراوی گشتیی حیزب پێشوازییان لێکرا.
لەم سەردانەدا سەعدی ئەحمەدپیرە لەسەر ڕەوشی سیاسی عێراق و هەوڵی لایەنە سیاسییەکان و پێکهاتەکانی عێراق و کورد بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق و پرۆژەی هاوبەشی یەکیەتیی نیشتمانی کوردستان و پارتی دێموکراتی کوردستان و هەوڵدانیان بۆ یەکیەتی و یەکڕیزی لە نێوان لایەنە سیاسییەکانی باشووری کوردستان باسێکی پێشکەش کرد.
ناوبراو لەو باسەدا ئاماژەی بە پێوەندییەکانی ئێران و ئامریکا و ڕوانینی وڵاتانی ناوچە لەسەر حکوومەتی نوێی عێراق کرا و کۆمەڵێک پرسیاری لە بەڕێز لێپرسراوی گشتی حیزبی دێموکرات لەسەر بارودۆخی ئێران و سیاسەتی نێودەوڵەتی لەسەر ئەو بارودۆخەی ئێران کرد.
لە بەرامبەردا کاک مستەفا هیجری ئاماژەی بە شوێندانەری گەمارۆکان، ئەو مەرجانەی ئامریکا بۆ ئێرانی داناوە، خۆپیشاندانەکانی شارەکانی ئێران دژی ڕێژیم، داماوی رێژیم لە دابینکردنی ویست و داخوازییەکانی کۆمەڵانی خەڵک و شپرزەیی ئابووری کرد.
لە بەشێکی دیکەی باسەکەیدا ئاماژەی بە خەباتی کورد لە ڕۆژهەڵات، خەباتی ڕاسانی رۆژهەڵاتی کوردستان، هاوکاری حیزب و لایەنە سیاسییەکان رۆژهەڵاتی کوردستان لە چوارچێوەی ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران دژی رێژیمی کۆماری ئیسلامی کرد و ئاماژەی بەوە دا کە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران هەوڵی بەشداری کردنی هەموو لایەنە سیاسییەکانی رۆژهەڵات و کەسایەتییە سیاسییەکان و چالاکانی سیاسی و مەدەنی ئەدا بۆ ئەوەی کورد و بزووتنەوەی نەتەوەیی دێموکراتیکی کوردستان ببێتە هێزێکی شوێندانەر لە ئاڵوگۆڕە سیاسییەکانی ئێراندا.
دوای ئەو راگۆڕینەوەیە هەردوولا لەسەر بەردەوامی پێوەندییەکانیان جەختیان کردەوە.