کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یەکیەتیی ئورووپا: بەجیدی نیگەرانی تاقیکارییە مووشەکییەکانی ئێرانین

12:08 - 16 رێبەندان 2718

کوردستان میدیا: یەکیەتیی ئورووپا لە ڕاگەیەندراوێکدا، نیگەرانیی خۆی لە هەمبەر تاقیکردنەوەی مووشەکە بالێستیکییەکانی ئێران دەربڕیوە؛ هەروەها داوای ڕاگرتنی چالاکییەکانی ئەم ڕێژیمەی کردووە، که بوونەتە هۆی دروستبوونی بێمتمانەیی و ناسەقامگیری لە ناوچەکە .

یەکیەتیی ئورووپا، ڕۆژی دووشەممە، ١٥ی ڕێبەندان، به بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک، لە هەمبەر بەرنامەی مووشەکە بالێستیکییەکانی ڕێژیمی ئێران هۆشداری دا.

یەکیەتیی ئورووپا بەجیدی لە هەمبەر زۆربوونەوەی مەودای بڕین و خاڵپێکیی مووشەکە بالێستیکییەکانی ئێران نیگەرانی دەربڕیوە.

لە بەشێکی ئەم ڕاگەیەندراوەدا هاتووە: "هاوکات لەگەڵ زۆربوونەوەی ڕادەی تاقیکارییە مووشەکییەکان، ئێران هەروەها لە هەوڵی ئەوەدایە کە مەودای بڕین و خاڵپێکیی مووشەکەکانیشی زیاد بکاتەوە. ئەم چالاکییانه جیا لەوەی کە بوونەتە هۆی قووڵبوونەوەی بێمتمانەیی، ناسەقامگیریی ناوچەکەش زیاد دەکەنەوە".

یەکیەتیی ئورووپا داوای لە ڕێژیمی ئێران کردووە که چالاکییە مووشەکییەکانی خۆی کە لە ڕاستیدا بڕیارنامەی ٢٢٣١ی شۆرای ئەمنییەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان پێشێل دەکات، کۆتایی پێ بێنێت.

 ڕێژیمی ئێران هاوکات لەگەڵ دژایەتیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا و پاش ڕێککەوتننامەی ناوکیی ٢٠١٥، بەرنامەی تاقیکاریی مووشەکە بالێستیکەکانی خۆی پەرە پێ داوە؛ ڕێژیمی ئێران باس لەوە دەکات کە ئەمە تەنیا بەرنامەیەکە کە بۆ بەرگرییە و هیچ کام لە مووشەکەکان ناتوانن کڵاوەی ناوکی جێبەجێ بکەن.

یەکیەتیی ئورووپا، هەروەها لە هەمبەر بشێوییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوین و هەبوونی ڕێژیمی ئێران له سووریه و پشتیوانی لە حیزبوڵڵای لوبنان نیگەرانی دەربڕیوە و لەم ڕاگەیەندراوەدا داوای لە هەموو لایەنەکانی شەڕ لە یەمەن بەتایبەت ڕێژیمی ئێران کردووە، که به کۆتاییهێنان بەم دەرگیرییە، پشتیوانی لە بڕیارنامەی ٢٤٥١ی شۆرای ئەمنییەت بکەن.