کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یەکیەتیی ئورووپا بەڵگەی هاوکاریی ستراتیژیکی لەگەڵ وڵاتانی کەنداو پەسەند کرد

12:06 - 31 جۆزەردان 2722

شورای وەزیرانی یەکیەتیی ئورووپا ڕۆژی دووشەممە ٣٠ی جۆزەردان بەڵگەی کۆتایی شەراکەتی ستراتژیکی لەگەڵ وڵاتانی ئەندامی شورای هاوکاریی کەنداو بە مەبەستی پێکهێنانی هاوکاریی ستراتیژیک لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی پەسەند کرد و ئێرانی وەکوو سەرچاوەی ناسەقامگیری لە ناوچەکە ناو لێ برد.

بەپێی ئەو بەڵگە ٩ لاپەڕەییەی ئەو هاوکارییە ستراتژیکە کە لە ماڵپەڕی یەکیەتیی ئورووپا بڵاو بووەتەوە، هاوکاریی قووڵ و ڕوو لە زیادبوون لەگەڵ وڵاتانی ناوچەی کەنداو بۆ یەکیەتیی ئورووپا یەک ئەولەوییەتە و بۆ هەر دوو لایەن لە بەرامبەر کێشە و قەیرانە جیهانی و ناوچەییەکان بەرژەوەندیی هاوبەشی هەیە.

لە بەڵگەی شورای وەزیرانی یەکیەتیی ئورووپا هاتووە: ''ئێران بە پشتیوانیی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی نیزامی و سیاسی لە گرووپە نیابەتییەکانی و هەروەها بە بەرنامەی پەرەپێدانی مووشەکە بالستیکەکان و ڕاگواستنی چەکوچۆڵی دیکە بۆ دەستوپێوەندییە حکوومەتی و ناحکوومەتییەکان، هەروا سەرچاوەی ناسەقامگیری لە ناوچەکەیە''.

شورای هاوکاریی کەنداو شەش وڵاتی ''عەرەبستان، عومان، قەتەر، بەحرەین، ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی و کوەیت'' لەخۆ دەگرێت.

پێوەندیی ئەو وڵاتانە و یەکیەتیی ئورووپا لە ماوەی ساڵانی ڕابردوو هەوراز و نەشێوی هەبووە، بە تایبەت ئەوان داوای هەڵسوکەوتی جیددیتری ئورووپا و ئامریکا لە بەرامبەر هەوڵە تێکدەرانەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە ناوچەکە بوونە.

بەشداری لە وتووێژەکانی ناوکی لەگەڵ ئێران و گونجاندنی بابەتگەلی ناوچەیی و مووشەکیی ڕێژیمی ئێران لە وتووێژەکانی بەرجام لە داواکارییەکانی دیکەی ئەو وڵاتانە بووە.

هاوکاریی یەکیەتیی ئورووپا و وڵاتانی کەنداو بوارەکانی وەکوو'' ئەمنییەتی وزە، کێشە ئەمنییەتییەکانی ناوچەکە، پێداویستییە مرۆڤدۆستانەکان، بابەتی هەرێمی و پەرەدانی هاوکاری لە بوارەکانی ڕا‌هێنان، لێکۆڵینەوە و ئاسانکاریی دەر‌هێنانی ڤیزا لەخۆ دەگرێت.