کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یەکیەتیی ئورووپا داوای لە ئێران کرد کە بە بەڵێنییەکانی بەرجام پێبەند بێت

14:08 - 28 جۆزەردان 2720

یەکیەتیی ئورووپا سەرەڕای پشتیوانیی دووبارەی لە ڕێککەوتنی ناوکیی هێزە جیهانییەکان لەگەڵ ڕێژیمی ئێران، بە جەختکردنەوەوە داوای لە ڕێژیمی ئێران کرد کە پێبەندبوونیان بە بەڵینییە ناوکییەکانی خۆیان بە بێ وەدواکەوتنەوە و بە شێوەی تەواو، بەڕێوە ببەن.

ڕۆژی سێشەممە ٢٧ی جۆزەردان، یەکیەتیی ئورووپا لەدوای ڕاپۆرتی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی لەسەر هاوکاری نەکردنی ڕێژیمی ئێران لەگەڵ چاوەدێرانی ئاژانس بۆ سەردانی دوو سایتی گومانلێکراوی ڕێژیمی ئێران بۆ پاشکۆکردنی ئۆرانیۆم، بەیانیەیەکی بڵاو کردەوە.

یەکیەتیی ئورووپا لە بەیانییەکەی خۆیدا بەرجامی وەک "دەستکەوتێکی گرینگ و چەند لایەنە" ناو لێ بردووە و دووپاتی کردووەتەوە کە وەکوو هەمیشە خۆی بە ئەرکدار دەزانێت بۆ پشتیوانیکردن لەو ڕێککەوتنە تا لەو ڕێگاوە دڵنیا ببێتەوە کە بەرنامەی ناوکیی ئێران ناوەڕۆکێکی ئاشتیخوازانەی هەیە و بۆیە بەڕێوەبردنی ئەو ڕێککەوتنە لەلایەن ئێرانەوە پێویستییە.

ئەو بەیانییەیە هەروەها ئاماژەی بە خاڵەکانی پێشێلکردنی بەڵینییەکانی ئێران لە بەرجامدا، لەوانە پیتاندنی ئۆرانیۆم لە دامەزراوەی "فۆردۆ" کردووە و بەنیسبەت ئەو خاڵانەوە نیگەرانیی دەربڕیوە.

هەروەها لەو بەیانییەی یەکیەتیی ئورووپادا تیشک خراوەتە سەر زۆربوونەوەی پاشکۆی ئۆرانیۆمی پیتێندراوی ڕێژیمی ئێران کە لە ئاستی ڕێگەپێدراوی خۆی تێپەڕیوە و لە ئێستادا گەیشتووەتە یەک هەزار و ٥٧١.٦ کیلۆگرەم.

بەپێی ڕێککەوتنی بەرجام، ڕێژیمی ئێران ڕێگەپێدراوە کە تا ٢٠٢ کیلۆگرەم ئۆرانیۆم بە خەستیی ٣.٧ لەسەدی لەبەر دەستدا ببێت.