کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یەکیەتیی ئورووپا ڕێژیمی ئێرانی بەدرۆ خستەوە

11:42 - 10 پووشپەڕ 2718

کوردستان میدیا: بەرپرسانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، کە هیوا و ئومیدیان بە یەکیەتیی ئورووپاوە بەستبوو، کۆشکی هیوایان ڕووخا و بەدرۆ خرانەوە.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، "مایا کوتسیانچیچ" وتەبێژی یەکیەتیی ئورووپا باسی لەوە کردووە، کە لێدوانی "فدریکا موگرینی"، بەرپرسی پێوەندییەکانی دەرەوەی یەکیەتیی ئورووپا، لە بارەی پەسەندکردنی بەستەی پشتیوانیی لە ڕێککەوتنی بەرجام و ڕادەستکردنی ئەو بەستەیە بە ئێران ڕاست نییه و قسەی بەرپرسانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانی بەدرۆ خستەوە.

وتەبێژی یەکیەتیی ئورووپا جەختی کردووەتەوە، کە موگرینی هیچ لێداونێکی لە بارەی پەسەندکردنی بەستەی پشتیوانی و ڕادەستکردنی ئەو بەستەیە بە ڕێژیمی ئێران نەداوە و ئەو هەواڵە ڕاست نییه.

ڕۆژی شەممە ڕێكەوتی ٩ی پووشپەڕی ١٣٩٧ی هەتاوی، هەواڵدەرییەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بڵاویان کردبووە، کە موگرینی لە کۆبوونەوەی دوو ڕۆژەی بەرپرسانی یەکیەتیی ئورووپا لە بروکسێل، باسی لە ئامادە و پەسەندکردنی بەستەیەکی پشتیوانیی لە بەرجام کردووە و گوایە ئەو بەستەیەش ڕادەستی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران کراوە.

دوای بڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵە "مایا کوتسیانچیچ" ئەو لێدوانەی بەرپرسانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانی بەدرۆ خستەوە.

مایا جەختیشی کردووەتەوە، کە فدریکا موگرینی هەوڵ دەدات ڕێککەوتنی ناوکی بپارێزێت، بەڵام هیچ هەوڵێکی لە بارەی ڕادەستکردنی بەستەی پشتیوانیی لە ڕێککەوتنی ناوکی ئەنجام نەداوە.

ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، دوای کشانەوەی ئامریکا لە بەرجام گوشارێکی ئابووری زۆری هاتووەتە سەر و بازاڕی ئێران بە شێوەیەکی نیوەداخراوەیە.

ڕۆژی ڕابردووش سەرەڕای ئەوەی که بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران ئیدعای ئەوە دەکەن، کە گەمارۆوە ئابوورییەکان هیچ کاریگەرییەکی لەسەر ئێمە دانەناوە، بەڵام ڕۆژی ڕابردوو عەلی خامنەیی لە ڕێوڕەسمی دەرچووانی زانکۆی ئەفسەری دانی بەوە دانا، کە گەمارۆوە ئابوورییەکان کاریگەریی لەسەر ئێران داناوە، ئەوەش بۆ ئەو مەبەستەیە کە نیزام و خەڵک لە یەک جیا بکەنەوە.

خامنەیی لە قسەکانیدا هێرشی کردە سەر حەسەن ڕۆحانی و وتی: کە هەندێک کەس باس لەوە دەکەن با تەسلیم بین هەتا دوژمن زیاتر درێژە بە کارەکانی خۆی نەدات، بەڵام ئەوانە نازانن کە خۆڕاگری گرینگتره.

قەیرانی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی چوارچێوەی دەسەڵاتی ڕێژیمی تارانی تەنیوە و بەرپرسانی ڕێژیمیش تەنیا سەرپۆش لەسەر کێشە و گرفتەکان دادەنن.