کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یەکیەتیی ئورووپا ڕێژیمی ئێرانی خستە نێو لیستەی ڕەشی پشتیوانانی تێرۆریزم

10:23 - 8 رێبەندان 2718

کوردستان میدیا: یەکیەتیی ئورووپا ڕێژیمی ئێران و پازدە وڵاتی تری خستە نێو لیستەی ڕەشی پشتیوانانی تێرۆریزم.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی "ڕۆیتێرز"، ڕێژیمی ئێران و پازدە وڵاتی تر کە بە هۆی سپیکردنەوەی پارە و پاڵپشتی کردن لە تێرۆریزم وەکوو مەترسی بۆ سەر وڵاتانی ئورووپایی هەژمار دەکران، لە لایەن یەکیەتیی ئورووپاوە، لە ڕەشنووسێکدا خرانە نێو لیستەی ڕەشی پشتیوانانی تێرۆریزم و بڕیارە حەوتووی داهاتوو ڕەشنووسەکە لە پارلەمانی یەکیەتیی ئورووپا بخرێتە دەنگدانەوە.

لەو ڕاپۆرتەدا لە کۆی ئەو شازدە  وڵاتە تەنیا ناوی شەش وڵات بڵاو کراوەتەوە کە بریتین لە ڕێژیمی ئێران، عێراق، عەرەبستانی سعوودی، ئەفغانستان، یەمەن و کۆرەی باکوور، هەروەها جەخت لەوە کراوەتەوە کە ئەو شەش وڵاتە لە لیستەکەدا ناویان هەیە.

یەکیەتیی ئورووپا بۆ یەکەمجار لە ساڵی ۲۰۱۵ی زایینی، ڕێژیمی ئێران و کۆرەی باکووری لە سەر پێوەرەکانی ڕێکخراوەی "FATF" بە مەترسیدارترین وڵاتانی جیهان بۆ سپیکردنەوەی پارە ناساند، لە ساڵی ۲۰۱۷ی زایینیشدا لیستی پازدە  وڵاتی وەکوو وڵاتانی مەترسیدار بۆ سپیکردنەوەی پارە و پاڵپشتی کردن لە تێرۆریزم بڵاو کردەوە کە ناوی عەرەبستانی سعوودی تێدا نەبوو، بەڵام لە ئەمساڵدا عەرەبستانی سعوودیشی پێ زیاد کراوە.

جێگای ئاماژەیە کە ڕێژیم پێشتر بەهۆی نیگەرانیی لەوەیکە نەتوانێت یارمەتی ڕێکخراوە تێرۆریستییەکان و پاڵپشتیی دارایی وڵاتانی هاوپەیمانی خۆی لە ناوچەکەدا بکات، لە مەجلیسی ڕێژیمدا ئەندامبوون لەو ڕێکخراوەیان ڕەت کردەوە؛ ڕەتکردنەوەی ئەندامەتی لەو ڕێکخراوەیەدا بوو بە سەرەکیترین هۆکاری ئەوی کە ڕێژیمی ئێران لە لیستی ڕەشی سپیکردنەوەی پارە و پاڵپشتیی تێرۆرزیم ناوی تۆمار بکرێت.