کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یەکیەتیی پیشەیی مامۆستایانی کوردستانی ئێران پەیامێکیان بڵاو کردەوە

10:52 - 3 بەفرانبار 2719

کوردستان میدیا: یەکیەتیی پیشەیی مامۆستایانی کوردستانی ئێران، پەیامێکیان ڕوو لە مامۆستایانی کوردستانی ڕۆژهەڵات، بۆ بەشداریکردن لە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی دەربڕین بەرانبەر بە دۆخی خوێندکاران لەم دواییانەدا، بڵاو کردەوە.

یەکیەتیی پیشەیی مامۆستایانی کوردستانی ئێران، لە پەیامێکدا داوایان لە مامۆستایان و قوتابییان و خوێندکاران کردووە، تا بۆ گەیاندنی دەنگی ناڕەزایەتییان بەرانبەر بە کوشتن و قۆلبەستکردنی لاوان و خوێندکاران، لە چلەی ماتەمێنیی شەهیدانی ڕاپەڕینی گەلانی ئێران و بەتایبەت شەهیدانی کوردستانی ڕۆژهەڵات، بە شێوەی مەدەنی و ئاشتیخوازانە بەشداری بکەن.

لە بەشێک لەو پەیامەدا هاتووە: "له‌ به‌ره‌به‌ری چله‌ی شه‌هیدانی ڕاپه‌ڕین و خۆپیشاندانه‌كانی گه‌لانی ئێران له‌ ٢٤ی خه‌زه‌ڵوه‌ری ١٣٩٨ی هه‌تاویدا، هه‌روه‌ها شه‌هیدبوونی دوو قوتابی، "ئازاد و فه‌رهاد" له‌ پێناو گه‌یشتن به‌ "نان و ژیان" له‌ مه‌ریوان، یه‌كیه‌تیی پیشه‌یی مامۆستایانی كوردستانی ئێران، به‌و بۆنه‌یه‌وه‌ ڕوو له‌ مامۆستایان و قوتابییان و خوێندكاران ده‌كات، له‌ پێناو ویست و داخوازییه‌ ڕه‌واكانی شه‌هیدان له‌ شێوه‌ی جۆراوجۆر و به‌ شێوه‌ی ئاشتیخوازانه‌ تا گه‌یشتن به‌ ئامانج و مافه‌كان له‌ تێكۆشان به‌رده‌وام بن".

هەروەها داوایان کردووە کە مامۆستایان و خوێندکاران لە هەر هەلێکی گونجاو بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین کەڵک وەربگرن و بە شێوەگەلی وەک مانگرتن و هاتنه‌ سه‌ر شه‌قام، دەنگی ناڕەزایەتییان بەرانبەر بە سیستەمی سەرەڕۆی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران هەڵبڕن.