کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یەکیەتیی پیشەیی مامۆستایان بە بۆنەی زمانی دایکی و بایکۆتی هەڵبژاردنەکان ڕاگەیەندراوێکیان بڵاو کردەوە

10:39 - 29 رێبەندان 2719

دەقی ڕاگەیەندراوەکە بەم چەشنەیە:

ڕاگەیەندراوی یەکيه‌تیی پێشەیی مامۆستایانی کوردستانی ئێران بە بوونەی ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکی و بایكۆتی هه‌ڵبژاردنی مه‌جلیسی شۆرای ئیسلامی!

هاونیشتمانانی خۆشەویست!

٢٠ساڵ لەمەوبەر، ڕێکخراوی یونسکۆ لە بەشی کاروباری کولتووری، فێرکاریی‌ و زانستیی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕۆژی ٢١ی فێوریەی، بەرانبەر بە ٢ی ڕەشەمە، وەکوو ڕۆژی نێونەتەوەیی زمانی دایکی دیاری کرد.

مەبەستی یۆنسکۆ تێکۆشان لە ڕێگەی تێوەگلاندنی دەوڵەتانی ئەندام لە نەتەوە یەکگرتووەکانە هەتا بتوانێ یارمەتی بە گەشەی پرۆسەی ئاشتی ‌و ئاسایش لە جیهاندا بدات. هەروەها ئەم ڕێکخراوە هەوڵ دەدا کە ئاستی ڕێزگرتن لە یەکسانی بەرز بکاتەوە و مەسەلەی مافی مرۆڤ بکاتە مژاری بەرباسی دەوڵەتە نادیموکرات ‌و سەرەڕۆکان.

لە وڵاتانی فرەزمانی و فرە فەرهەنگیدا کە ئەگەری ژێرپێنانی مافی کەمینەکان زیاتر چاوەڕوانکراوە، پێداگری لە بەرزنرخاندنی ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکی و بڵاوکردنەوەی ئامانجەکانی ئەم بۆنەیە پڕبایەخ‌ و بەرچاوترن.

یۆنسکۆ پاش ئەم بڕیارە، واتە دە ساڵ دواتر بە هەنگاوێکی کردەیی و لە ڕێگەی ئەنجومەنی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پشتیوانیی خۆی بۆ چالاکییەکانی ئەو ڕۆژە پیشان دا، ئەویش ئەوەیکە ساڵی ٢٠٠٨ی بە ساڵی نێودەوڵەتیی زمانەکان ناودێرکرد.

یۆنێسکۆ لە حاڵێکدا بەرەوپیری جێژنی ئەمساڵی رۆژی جهانی زمانی دایکێ‌یەوە دەڕوات کە دروشمی "زمانە بێ‌سنوورەکان"ی بۆ خۆی هەڵنەبژاردووە. ئەوان هەوڵی هەڵکشاندنی رێدۆزێکی گشتی‌و تەناهیخوازانەی دیالۆگ دەدەن کە لەودا هەموو کۆمەڵگەکان بە فرەچەشنی زمانەکانیانەوە بگرێتەوە.

یۆنسکۆ پێی وایە کە ناسینەوەو ڕێزگرتن لە هەمەڕەنگیی زمانی ‌و کولتووری، دەتوانێ پێوەندییەکانی یەکیەتی ‌و یەکپارچەیی کۆمەڵگە بەهێزتر بکا. هەروەها ڕەچاوکردنی ئەم تایبەتمەندی گەلە دەتوانێ بنەماکانی ئاشتی لە ناو دڵی کۆمەڵگەکاندا لە درێژخایەندا پتەوتر بکا.

هەروەها ئەمساڵ یۆنسکۆ بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکی لە بنکەی سەرەکیی خۆی جێژن ‌و چالاکی جۆراوجۆر ڕێک دەخات. هاوکات لە وڵاتانی ئەندام لە ڕێکخراوەکەیان داوا دەکا کە لە وڵاتانی خۆیان بە دەرفەتی ڕەنگاوڕەنگی زمانی بایەخ بدەن و جێژنی جۆراوجۆری لە سەر ساز بکەن، چونکه بە بڕوای ئەوان زمانەکان وزەی ئاشتی‌ و گەشەی بەردەوامیان لێ‌دەکەوێتەوە.

مامۆستایانی مافخوازی کوردستان!

هەروەک دەزانن، مرۆڤ بە زمانەوە دێتە دنیا، لە بازنەی زمانی خۆیدا دەژی و پاشان وردە وردە گەورە دەبێ. هەروەها ئەگەر دەستکاری رەوتی سرۆشتی بەشەر نەکرێ، هەر بەو زمانەشەوە کۆچی دوایی دەکاو دنیا بەجێ دێڵێ. کەواتە زمانی هەر گەل و نەتەوەیەک بوونی ئەوان لە گۆی زەویدا دەسەلمێنێ. هەر لە بەر ئەوەشە کە بۆ ناسینەوەی هەر گەل یا نەتەوەیەک، پێویستە بەر لە هەر شتێک فێری زمانەکەی ببی. زانایان پێیان وایە کە زمانی هەر گەلێک هەرچی ئازاد و بەربڵاوتر بێ لە ڕەوتی ژیان‌ و مێژوودا شوێنەواری باشتر لە خۆی بەجێدەهێڵێ و بوونی خۆی لە داهاتوودا باشتر گەرەنتی دەکات.

بە سەرنجدان بەو گرینگییەی کە لەبارەی زمانی دایکی هاتە ئاراوە، دەکرێ بە بایەخێکی زۆرترەوە باس لە کۆمەمەڵگای فرەنەتەوەیی ئێران بکەین. ئەو سیاسەتە چەوتانەی کە بە درێژایی مێژوو دەرهەق بە ماف و ئازادییەکانی گەلانی بەشخوراوی ئێران بەڕێوەچوون و تەنانەت هەنووکەش وەک بنەما و سەرچاوە لەلایەن شۆڤینیستەکانەوە بەهرەی لێ وەردەگیرێ، بووەتە هۆی دواکەوتوویی هەمە لایەنەی ئەم وڵاتە.

بێ گومان یەکێک لە هۆکارەکانی قەیرانی وڵاتی ئێمە دەگەرێتەوە بۆ شیوازی نادرووست و هەڵسوکەوتی ناسەردەمیانەی تاقمی فەرمانڕەواو دەسەڵاتخواز کە بە نیسبەت مەسەلەی کەلەپوورو زمانی "دایکی‌"یەوە ڕەچاوی دەکەن.

لەحاڵێکدا کە حکومەتی هەنووکەی ئێران لە ڕێكخراوی یۆنسکۆ ئەندامە و نوێنەری هەمیشەیی هەیە، دەبێ دەست لە سیاسەتی فریوکارانەی بانێک ‌و دووهەوا دەست هەبگرێ و لەهەمبەر تێکڕای بەرنامە و بڕیارە پەسەندکراوەکانی ئەم ئۆرگانە خۆی بە بەرپرسیار بزانێ کە ڕاستەوخۆ واژۆی کردوون. کەچی بەپێچەوانە نە تەنیا هیچ هەنگاوێکی کردەیی بۆ جێ‌بەجێکردنی ئامانجەکانی ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکی لە پانتایی خاکی ئێران بە گشتی و کوردستان بە تایبەتی هەڵ‌ناگرێ، بەڵکوو لە هەوڵی سڕینەوەی زمانەکانی غەیرە فارسی دایە. دەسەڵاتدارانی ئێرانی بە ڕوانگەی نژادپەرەستانەی تایبەت بە خۆیان زمانی کوردی گەلی ئێمە بە زمانی ناوچەیی ‌پێناسە دەکەن هەتاکوو بەمجۆرە لە بەرچاوی ئاخێوەرانی ‌و مناڵە چاوگەشەکانی کوردستانی بخەن. هەر بۆیە ئێمە پێمان وایە کە ئەرکی سەرەکی مامۆستایانی مافخوازی کوردستانە کە لە هەمبەر ئەم پرسە گرینگە بێ‌دەنگ نەبن و لە بەرپرسانی حکوومەت لێ‌پێچینەوە بکەن داوایان لێ بکەن کە بۆچی لە بەرانبەر بڕیارەکانی نوێنەرەکەی خۆیان لە ڕێکخراوی یۆنسکۆ خۆیان بە بەرپرسیار نازانن؟

دڵسۆزان‌و چالاکانی مافەکانی مرۆڤ لە کوردستان!

هەروەک ئاگادارن لە سەر پرسی فێرکاریی و پەروەردە، سیاسەتەکانی دەسەڵاتی ئێران پارادۆکس ‌و ناتەبان. ئەوان وەک ئەندامی هەمیشەیی یۆنسکۆ لە جیاتی ئەوەی کە لەهەمبەر بڕیارەکانی ئەو ناوەندەدا خۆ بە بەرپرس بزانن کەچی زۆر بە داخەوە لە ڕێگەی ناوەندەکانی پارێزەری نەزانی و کۆنەپەرەستی‌یەوە بە بەردەوامی هەڵ‌دەکوتنە سەر فێرگەکانی زمانی کوردی‌ و بەوپەڕی دڕەندەیی و ناسەردەمیانە چالاکانی مەدەنی خۆبەخش یا مامۆستایانی دڵسۆز دەسبەسەر و ڕاپێچی زیندان دەکەن. 

یەکێه‌تیی پێشەیی مامۆستایانی کوردستان لە سەر ئەو باوەڕەیە کە زیانەکانی ئەزموونی سیاسەتی ڕابردوو کە لە لایەک لە سەر ئینکار و سڕینەوە بونیات نرابوو و  چوونەسەری ئاستی وشیاری گەلان بۆ دەستەبەربوونی مافەکانیان لە لایەکی ترەوە، ئەو ڕاستییە دەسەلمێنن کە وڵاتی فرە نەتەوەیی ئێران ئەو کاتە ڕووی ئاشتی و هێمنایەتی بە خۆیەوە دەبینێ کە لە باری مافی زمانییەوە هەنگاوی بە کردەوە باوێژێ یا لانیکەم ئەم مەرجانەی خوارەوە لە بەرچاو بگرێ.

ڕێزگرتن و بایەخدان بە زمانی دایکی دەبێ وەک بنەمایەکی سەرەکی مافی مرۆڤ لەلایەن بەرپرسانی ئەمرۆو داهاتووی گۆرەپانی سیاسی ئێران لەبەرچاو بگیردرێ و حکوومەت خۆی بە بەرپرسی بەڕێوەبردنی ئەم سیاسەتە ڕەوایە بزانێ.

دەسەڵات لە قەبووڵکردنی ئەندیشە و باوەرەکان و، هەروەها بە فەرمی ناسینی فرەچەشنیی نژاد و زمان کە ڕەمزی سەقامگیریی ئاشتین، لاری نەکات. ئەم کارە گەشەی هزری کۆمەڵگای مرۆڤایەتی پیشان دەدات‌.

ئاڵۆزی و قەیرانە لە مێژینەکان بە روونی ئاگادارمان دەکەنەوە کە دەبێ ئەو فاکتەرانەی کە لە سەقامگیری بارودۆخ و سامانی ژیانی کۆمەڵایەتیی ئێمە شوێن دانەرن پشتگری بکرێن و سیاسەتی گێرەشێوێنانە و دەمار گرژانە کە لەلایەن دەسەڵاتەوە پشتگیری دەکرێن بە شێوەی جیددی بنبڕ بکرێن.

ئەرکی دەسەڵاتدارانی حکومەتە کە پرسی پشتگری و بەهێزکردنی زمانی دایکی گەلانی ئێران لە ناو یاسای بنەڕەتی ئەو وڵاتە جێگیر بکەن و لە ئاکامدا یارمەتی نەهادینە کردنی یاسا لە کۆمەڵگا و حکومەت بدەن. واتە ڕێزگرتن لە زمانی دایکی لە ژێر تیشکی یاسای بنەڕەتیی وڵات، بە پرۆسەی بەرەوپێشچوونی یەکیەتیی نەتەوەیی خێرایی دەبەخشێ.

پێکهاتەی گەلانی هەمەڕەنگی ئێران ئەو کاتە دەتوانێ ژێانێکی بەختەوارانەو ئاشتیخوازانە بە خۆیەوە ببینێ کە هەموان بتوانن لە سێبەری حکوومەتێکی دێموکرات و گەل‌سالاردا لە ڕێگای زمانی تایبەت بە خۆیانەوە یەکتر بناسن و بە بێ کۆسپ و دڵەڕاوکێ، ئاڵوگۆڕی کولتووری بکەن.

مامۆستایان‌ و قوتابیان و خوێندكارانی خۆشەویست!

هەروەک ئاگادارن، هاوکات لەگەڵ ڕۆژی نێونەتەوەیی ڕێزگرتن لە زمانی دایکی دەسەڵاتی داسەپاوی ئێران سەرقاڵی شانۆی بەناو هەڵبژاردنی نوێنەرانی مەجلسی خۆیەتی. شانۆیەک کە لە چاو تێکڕای شانۆگەرییەکانی چەند دەیەی ڕابردوودا جیاوازی زۆری هەیە. بەداخەوە ئەمڕۆکە گەلانی ئێران لە سێبەری سیاسەتە چەوت ‌و دواکەوتووەکانی ڕێژیمدا دژوارترین قۆناغەکانی ژیانی خۆیان تێپەڕ دەکەن. هیوا بە ژیانێکی سەردەمیانە، بەهرەمەندبوون لە پێداویستیەکانی ڕۆژ، دەستەبەربوونی لانیکەمی ماف ‌و‌ئازادییە سەرەتاییەکانی خەڵک لە نزمترین ئاستی خۆی دایە. بەشداری لە وەها شانۆیەک بە زیانی خەڵکی ناڕازی لە ئێران و کۆمەڵگەی ستەملێکراوی کوردستان تەواو دەبێ. ڕاپرسیە نێوخۆیی ‌و دەرەکی‌یەکان دەرخەری ئەو ڕاستیەن کە گەڵ بە ئیرادەوە لە سەر بڕیاری بایکۆت خۆی یەکلایی کردووەتەوە. ئیرادەیەکی مەشرووع کە ئاخوندە دنیاپەرەستەکانی تارانی تەنگەتاو کردووە.

لەم پێوەندیەدا یەکیه‌تیی پێشەیی مامۆستایانی کوردستان لە مامۆستایانی بەهەڵوێست‌ و قوتابییانی خۆشەویست چاوەڕوانی دەکا کە پشت بە ئیرادەی خەڵکی وەزاڵەهاتووی کوردستان ببەستن و شانۆی هه‌ڵبژاردنی مه‌جلیسی نمایشیی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بایكۆت بكه‌ن و خه‌ڵكی كوردستان هان بده‌ن له‌و شانۆسازییه‌دا به‌شداریی نه‌كه‌ن.

هه‌روه‌ها ئێوه‌ مامۆستایانی نیشتمانپه‌روه‌ر دەبێ لە هەڵگرتنی سندووقی جەهالەت‌ و جادوویی نیزام لە شار و گوندەکان خۆ ببوێرن و لە ئیرادەیەکی بەهێزدا خۆیان وەکوو پێشەنگی مافخوازی و دادپەروەری بۆ کۆمەڵانی چاونەترسی خەڵکی کوردستان پێناسە بکەن.

یەکیه‌تیی پێشەیی مامۆستایانی کوردستان ئێران

ڕێبه‌ندانی ٢٧١٩ی كوردی