هەواڵدەریی فەرمیی کوەیت ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند کە هێرشە مووشەکی و دڕۆنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی کوەیت، بووەتە هۆی برینداربوونی چەند کەسێک و هاوکات ڕاگرتن و گۆڕینی ئاراستەی گەشتە ئاسمانییەکانی لێکەوتووەتەوە.
لە کورتەی ڕاپۆرتەکەدا، لە زاری ڕێکخراوی فڕۆکەوانیی مەدەنی کوەیتەوە هاتووە کە لەم هێرشەدا تێرمیناڵی یەک (تی-١)ی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی کراوەتە ئامانج و بەهۆی ڕووداوەکەوە، سەرجەم گەشتەکان بەرەو فڕۆکەخانە جێگرەوەکان ڕاگوێزراون.
شایانی باسە هەواڵدەریی فەرمیی کوەیت بەرەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە لە ڕاپۆرتێکدا ئاماژەی بە لێدانی زەنگی مەترسی کردبوو و داوای لە هاووڵاتییان کردبوو کە لە کاتی بەرپەرچدانەوەی هێرشە مووشەکییەکاندا وریای کەوتنەخوارەوەی پاشماوە و پارچە تەقەمەنییەکانی سیستەمی بەرگریی ئاسمانی بن.