ئامارە فەرمییەکانی بانکی ناوەندیی کۆماری ئیسلامی نیشانی دەدەن کە هاوردەکردنی کاڵا بۆ ئێران لە ساڵی ڕابردوودا (١٤٠٤) بە بەراورد لەگەڵ ساڵی پێشووتر، زیاتر لە ٣٢ لەسەد دابەزیوە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، کۆی هاوردەکردنی ئێران لە ساڵی ڕابردوودا تەنیا ٤٩ میلیارد دۆلار بووە. هاوکات هەناردەکردنی غەیرەنەوتیی ئێرانیش لەم ماوەیەدا ٤٥ میلیارد دۆلار بووە، کە ئەمەش بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ١٤٠٣نیشاندەری دابەزینێکی ٢٢ لەسەدییە.
سەبارەت بە فرۆشتنی نەوتیش، هەرچەندە هێشتا ڕاپۆرتی تەواو بڵاو نەکراوەتەوە، بەڵام داتاکانی ٩ مانگی یەکەمی ساڵی ڕابردوو نیشانی دەدەن کە داهاتی نەوت، گاز و بەرهەمە نەوتییەکان ٤٤ میلیارد دۆلار بووە، کە ئەمەش ٦ میلیارد دۆلار کەمترە لە هەمان ماوەی ساڵی ١٤٠٣دا. هاوکات تەرازی بازرگانیی خزمەتگوزارییەکانی ئێران گەیشتووەتە ڕیکۆردێکی مێژوویی مەنفی ١٣ میلیارد دۆلار.
شارەزایانی ئابووری پێیان وایە ئەم کورتهێنانە گەورەیە پەیوەندیی بە سیستمی "تەهاتور" یان گۆڕینەوەی نەوتی ئێران بە خزمەتگوزاری و کاڵای چینییەوە هەیە. چین وەک تاقە کڕیاری نەوتی کۆماری ئیسلامی، بەشێکی زۆری پارەی نەوتەکە بە کاڵای بێ کوالێتی یان ناردنی شیرکەتە بەڵیندەرەکانی خۆی بۆ ئێران یەکلایی دەکاتەوە؛ سیاسەتێک کە بووەتە هۆی پاشەکشەی توندی بازرگانی و مایەپووچبوونی زیاتری ئابووریی ئێران.