کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی ڕایانگەیاندووە بەهۆی قەیرانی وزە و بۆ قەرەبووکردنەوەی کورتهێنانی کارەبای کارخانەکان، کارەبای ماڵان لەم هاوینەدا بە شێوەی ڕۆژانە دەبڕدرێت.
ئارش نەجەفی، سەرۆکی کۆمیسیۆنی وزەی ژووری بازرگانیی ڕێژیم ڕایگەیاندووە، بەهۆی فەرمانی مەسعوود پزیشکیان بۆ نەبڕینی کارەبای پیشەسازییەکان، دەبێت خەڵک خۆیان بۆ لانیکەم دوو کاتژمێر کوژانەوەی کارەبای ڕۆژانە ئامادە بکەن.
ناوبراو ئاشکرای کردووە کە کورتهێنانی کارەبا گەیشتووەتە ١٢ هەزار مێگاوات و ئەم بڕینە لە کۆتایی جۆزەردان یان سەرەتای پووشپەڕەوە دەست پێ دەکات و نزیکەی سێ مانگ بەردەوام دەبێت.
لە کاتێکدا بەرپرسانی ڕێژیم بۆ ڕزگاربوون لەم قەیرانە داوا لە خەڵک دەکەن سیستمی وزەی خۆر لە ماڵەکانیاندا دابنێن، کەچی ئامارە فەرمییەکان نیشانی دەدەن تێچووی دامەزراندنی ئەم سیستمە دەگاتە ٧٠٠ میلیۆن تمەن؛ بڕە پارەیەک کە دابینکردنی لە توانای زۆرینەی خەڵکی لێقەوماو و بنکەوتووی ژێر هێڵی هەژاریدا نییە.
ئەم کێشەیە جارێکی دیکە بێدەسەڵاتیی ڕێژیمی تاران لە دابینکردنی سەرەتایترین ماف و پێداویستییەکانی ژێرخانی وڵات نیشان دەدات، کە لە جیاتی چارەسەری بنەڕەتی، تێچووی قەیرانەکان دەخاتە سەر شانی خەڵک.