دەزگای بەناو دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێران، حوکمی سێدارەی بەندکراوێکی دەسبەسەرکراوی خۆپیشاندانەکانی بەفرانباری ١٤٠٤ی بە ناوی "فەتحوڵڵا ئاوەری" جێبەجێ کرد.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، میدیاکانی سەر بە دەزگای دادوەریی ڕێژیم ڕایانگەیاندووە کە حوکمی سێدارەی ئەم لاوە ناڕەزایە دوای پەسندکردنی لە دیوانی باڵاوە، لە سێدارە دراوە.
فەتحوڵڵا ئاوەری لە ڕەوتی خۆپێشاندانەکانی ١٨ی بەفرانبار لە شاری هەمەدان بەشداریی کردبوو و دواتر لە کاتی ڕاوەدوونانی ناڕەزاییان لە مانگی بەفرانباری ساڵی ڕابردوودا، لە پارێزگای ئەلبۆرز دەسبەسەر کرا.
دەزگای سەرکوتکاری دادوەریی ڕێژیم بە تۆمەتی بێبنەمای "موحاربە" و کوژرانی ئەندامێکی هێزە سەرکوتکەرەکان بە ناوی مەحموودجەواد بەخشیان، ئەم حوکمەی بەسەردا سەپاندبوو.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ هاوکات لەگەڵ ئاڵۆزی و تێکهەڵچوونە سەربازییەکانی ئەم دواییانە، کۆماری ئیسلامی شەپۆلێکی چڕی لەسێدارەدانی دۆسییە سیاسی و ئەمنییەتییەکانی وەک ئامرازێک بۆ تۆقاندنی کۆمەڵگە بەڕێوە بردووە.
بەپێی ئەم ئامارە، تەنیا لەم ماوەیەدا لانیکەم ٤٠ بەندکراوی پێوەندیدار بەم دۆسییانە لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە لە سێدارە دراون.