لە کاتێکدا بڕیارە لە ١٥ی جۆزەردانەوە قۆناغێکی نوێی پڕۆژەی "کۆپینی ئێلیکترۆنی" (کاڵا بەرگ) لە ئێران دەست پێ بکات، ب بەهۆی نەبوونی پارە و بودجەوە، دەسەڵاتداران ناتوانن بڕی ئەو هاوکارییە زیاد بکەن.
ڕۆژنامەی "دنیای ئێقتساد" بڵاوی کردووەتەوە کە سەرەڕای بەڵێنەکان بۆ زیادکردنی پارەی کۆپین، بەڵام لەم قۆناغە نوێیەدا هاوکارییەکە وەک خۆی (یەک ملیۆن تمەن بۆ هەر کەسێک) دەمێنێتەوە. ئەمەش لە کاتێکدایە کە بەهۆی گرانیی ڕۆژ لەدوای ڕۆژی خۆراک و پێداویستییەکان، خەڵک چاوەڕوانی هاوکاریی زیاتریان دەکرد.
ئێستا دەوڵەت و مەجلیسی ڕێژیمی ئێران لەسەر دابینکردنی سەرچاوەی دارایی ئەم پڕۆژەیە ناکۆکن. بەپێی ئامارەکان، تهنانەت بۆ پێدانی ئەم یەک ملیۆن تمەنەش بە خەڵک، حکوومەت تووشی کورتهێنانی گەورەی بودجە بووە؛ چونکە تێچووی ساڵانەی ئەو پرۆژەیە زۆر زیاترە لەو پارەیەی کە لە بودجەی گشتیدا بۆی دیاری کراوە.
وەزیری کار و خۆشگوزەرانیی ئێرانیش ڕایگەیاندووە کە زیادکردنی پارەی کۆپین تەنیا بەو مەرجە دەبێت کە حکوومەت بتوانێت سەرچاوەی نوێی دارایی بدۆزێتەوە، ئەگەرنا پڕۆژەکە وەک خۆی بەردەوام دەبێت.
کۆماری ئیسلامی لە ساڵی ١٤٠٢وە کۆپینی ئیلکترۆنی هێنایە گۆڕێ تا تەنیا لێکەوتەکانی گرانی و هەڵاوسانی پێ بشارێتەوە و ڕێگری لە تووڕەیی گشتی بکات. بەڵام قەیرانی ئێستای بودجە نیشان دەدات کە تاران تەنانەت لە بەڕێوەبردنی ئەم پڕۆژە سەرەتاییەشدا شکستی هێناوە و ناتوانێت کەمترین پێداویستی بۆ ئەو ملیۆنان هاووڵاتییە دابین بکات کە خۆی خستوونیەتە ژێر هێڵی هەژارییەوە.