ئاژانسی "بلۆمبێرگ" ڕایگەیاند کە ئەرتەشی ئەمریکا مانگێک دوای پاشەکشە لە گەڵاڵەی ئاشکرای پاسەوانیکردنی کەشتییە بازرگانییەکان لە گەرووی هۆرمۆز، ئێستا شێوازێکی بێدەنگتر و تاکتیکی بۆ پاراستنی هاتوچۆی دەریایی لەم ئاوڕێگە گرنگەدا تاقی دەکاتەوە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، واشنگتۆن لەجیاتی ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ تاران، بە شێوەیەکی نافەرمی لەگەڵ شیرکەتەکانی کەشتیوانی هاواهەنگی دەکات؛ بە جۆرێک کە کەشتییەکان ئامێری ناسنامەی خۆیان دەکوژێننەوە و زیاتر لە کەناراوەکانی عومانەوە تێدەپەڕن تا لە مەترسیی مین و هێرشەکانی کۆماری ئیسلامی دوور بن و لە کاتی پێویستیشدا هێزەکانی ئەمریکا یارمەتییان بدەن.
لەم پێوەندییەدا، سێنتکام ڕایگەیاند کە چەندین دڕۆنی ئێرانییان خستووەتە خوارەوە کە کەشتییە بازرگانییەکانیان کردبووە ئامانج و هێرشی بەرگری کردووەتە سەر بنکەیەکی کۆنتڕۆڵی زەمینیی سپای پاسداران.
ڕۆژنامەی "نیویۆرک تایمز"یش بڵاوی کردووەتەوە کە سێنتکام لە سێ حەفتەی ڕابردوودا هاواهەنگیی بۆ تێپەڕبوونی نزیکەی ٧٠ کەشتیی بازرگانی کردووە.
چاودێرانی سیاسی پێیان وایە ئەم تاکتیکە نوێیەی ئەمریکا، پرۆسەیەکی بێدەنگ و کردارییە بۆ کردنەوەی گەرووی هۆرمۆز بەبێ ئەوەی ببێتە هۆی شەڕێکی ڕاستەوخۆ لەگەڵ تاران.