کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ڕاگەیەندراوێکدا کوشتنی هاووڵاتییانی ''بەلووچـ''ـیان مەحکووم کرد

10:20 - 12 رەشەمه 2720

یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ڕاگەیەندراوێکدا کوشتنی هاووڵاتیانی ''بەلووچـ''ـیان محکووم کرد و و داوایان لە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە جیهان کردووە کە بەرامبەر بەم جینایەتە کە زیاتر لە ٤۰ ساڵە ڕێژیم بەسەر نەتەوەکانی ئێرانیدا سەپاندووە، هەنگاو هەڵبگرێت.

دەقی ڕاگەیەندراوەکە بەم چەشنەیە:

ڕێژیمی ئێران جارێکی دیکە، وەک هەمیشە، دەستی داوەتە کوشتنی خەڵکی بێتاوان.

ئەم ڕێژیمە مرۆڤکوژە ئەمجارە نەتەوەی بەلووچ و بەلووچستانی بە ئامانج گرتووە و بە بارووت و ئاسن و ئاگری ڕاستەوخۆ، کۆمەڵێک لاوی بەلووچی کە بۆ بژێویی ژیان پەنایان بردووە بۆ پیشەی پڕمەترسیی "سووختبەری"، شەڵاڵی خوێن کردن و گیان و ژیانیان لێ ئەستاندن. نەتەوەی ژێردەست و هەژاری بەلووچیش یەکێک لە نەتەوە بندەستەکانی ژێر دەسەڵاتی نگریسی ئاخوندەکانە کە لە داهات و سامانی نەتەوەکانی ئێران، وەکوو نەتەوەی کورد و باقیی نەتەوەکانی دیکەی ئێران، بەشی مەینەتی و هەژارییە و لە ڕێگەی پیشە مەترسیدارەکانی وەکوو سووختبەری، ژیانی پڕ لە هەژاریی خۆیان هەڵدەسووڕێنن.

سووختبەریش ڕێگەیەکی مەترسیدار و هات و نەهاتی وەکوو کۆڵبەریی ڕۆڵەکانی نەتەوەی کوردە و تاکە ڕێگەی دابینکردنی بژێویی ژیانە کە تێیدا کاتێک لە ماڵ و لەلای ژن و منداڵ دەڕۆیە دەرێ، یان بژێویی ئەو ڕۆژەی ژیان لەگەڵ خۆت دەبەیەوە ماڵەوە، یاخود پێش چوونەدەرەوە، دوادیدارت بووە و هەرگیز بە زیندوویی ناگەڕێیەوە باوەشی بنەماڵە و کەسوکار.

ئێستا و لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوودا، دوای کوشتنی هۆڤانەی سووختبەرانی بەلووچ، ناڕەزایەتی و بێزاریی خەڵکی بلووچستان  لە بەرانبەر دڕندەیی ڕێژیم سەری هەڵداوە و لە بڕی بەدەنگەوەچوون و هەوڵدان بۆ چارەسەریی کێشەی خەڵکەکە، بەداخەوە هەمدیسان وەڵامی خەڵکی ناڕازی بە تەقەی ڕاستەوخۆ درایەوە و دەدرێتەوە و هەتا ئێستا بە دەیان و بگرە سەدان ژن و پیاوی بەلووچ بوونەتە قوربانی و باس لە شەهید و بریندارێکی زۆر لە ئارادایە.

ئێمە وەکوو ڕێکخراوەی ژنان، هەموو ئەو جینایەت و توندوتیژییانەی کە بەرامبەر تاکی نەتەوەکانی پێکهێنەری ئێران و لە سەرووی هەموویان خوشک و برا بەلووچەکانمان، کە بۆ دابینکردنی بژێویی ژیان گیانی خۆیان دەخەنە مەترسییەوە، شەرمەزار دەکەین و داوا لە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە جیهان دەکەین کە بەرامبەر ئەم کوشت و کوشتارەی کە زیاتر لە ٤۰ ساڵە ڕێژیم بەسەر نەتەوەکانی ئێرانیدا سەپاندووە، بێدەنگ نەبن و هەنگاوی بە کردەوەیی بۆ هەڵبگرن.

یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران