یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە پەیامێکدا سەپاندنی حوکمی ٥ ساڵ زیندانی بەسەر ''زارا محەممەدیـ''ـیان مەحکووم کرد و داوایان لە هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگا کردووە کە بە دەم دەنگی ''زارا محەممەدیـ''ـیەوە بچن.
دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:
''دەمگرێ ئەمما لە گرتووخانە ڕق ئەستورترم
لێمدەدا ئەمما لەسەر داوا ڕەواکەم سوورترم
دەمکوژێ ئەمما بە گژ جەلادەکەم دادێمەوە
کوردم و ناتوێمەوە، ناتوێمەوە، ناتوێمەوە''
هاونیشتمانییانی ئازیز
هەر وەک ئاگادارن لە ڕۆژانی ڕابردوودا لە ڕەوتی پێداچوونەی حوکمی ١٠ ساڵ بەندکران بە سەر خاتوو ''زارا محەممەدی''، ئەو مامۆستا خۆبەخشەی زمانی کوردی کە لە ئەنجامدا ٥ ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپێندرا.
ئەم حوکمە دیسان دڕندەیی کۆماری ئیسلامیی ئێرانمان بۆ دەسەلمێنێت، سەپاندنی حوکمی بەندکران بە سەر مامۆستایان و دڵسۆزانی نیشتمان، دەریدەخات ئەم دەسەڵاتە کۆنەپەرەستە دەیهەوێ به هەموو شێوەیەک دەنگی کۆمەڵگا کپ بکات.
دوژمن پێی وایە به کپکردنی دەنگی زارا دەتوانێ هزری ئازادیخوازیی میللەتەکەمان لەنێو ببات، بەڵام هەزاران کیژ و لاوی ئەم کوردستانە ئازیزە لە دێرزەمانەوە پارێزەری شوناس و زمانی کوردی بوون و لە داهاتووشدا زاراکان لەدایک دەبن و هەر ئێستاش دەیان زارا لە سەنگەرەکانی بەرگری لە شوناس و ناسنامەی کوردی چالاکی دەکەن.
کوردستانییانی خۆشەویست
ژنانی مافویستی ئازا و دلێر
ئێمە وەکوو یەکیەتیی ژنان، وێڕای مەحکوومکردنی حوکمی داسەپاو بە سەر خاتوو زارا، داوا لە هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگا دەکەین بە دەم دەنگی ''زارا محەممەدیـ''ـیەوە وەرن و هەروەها کە خۆی باسی دەکات، پێویستە هەموو کۆمەڵگا بێنە دەنگ.
داوا لە هەموو کۆڕ و کۆمەڵە مافی مرۆڤییەکان دەکەین دەنگی ناڕەزایەتیی دژ بە حوکمی خاتوو زارا بن و بە تایبەت ئەو کەسانەی لە تاراوگە دەژین و دەستیان بە ناوەندە پەیوەندیدارەکان دەگات.
دووپاتی دەکەینەوە پشتیوانی لە خاتوو زارا، چالاکانی کۆمەڵگا، بەندکراوانی مەدەنی و سیاسی ئەرکی نیشتمانیی هەمووانە.
یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران