یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەمەبەستی پەیمان نوێکردنەوە لەگەڵ ڕێبازی شەهیدان لە ڕۆژی شەهیدانی کوردستاندا سەردانی مەزاری شەهیدانیان کرد.
لەو چالاکییەدا بەشداربووان وێڕای دانانی گوڵی سوور لەسەر مەزاری شەهیدان و هەڵکردنی مۆمی وەفاداری پەیمانیان لەگەڵ ڕێبازی پڕسەروەریی شەهیدانی سوورخەڵات نوێ کردەوە.
هەروەها لەنێوئاخنی ئەو چالاکییەدا سروودێک لەلایەن گرووپی سروودی منداڵانەوە پێشکەش کرا و شێعر و پەیامی پێوەندیدار بەو یادە خوێندرایەوە.
١٠ی خاکەلێوە، ڕۆژی لەسێدارەدانی پێشەوای نەمر "قازی محەممەد" لەلایەن حیزبی دێموکراتەوە وەک ڕۆژی شەهیدانی کوردستان دیاری کراوە و بەتایبەتی لەو ڕۆژەدا ڕێز لە یاد و ناوی شەهیدانی سوورخەڵاتی کوردستان دەگیرێت.