کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یەکیەتی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستانی ئێران سمینارێکی بەبۆنەی ساڵیادی شەهیدکرانی دوکتور قاسملوو بەڕێوە برد

18:20 - 17 پووشپەڕ 2718

کوردستان میدیا: سمینارێک بۆ ناساندنی زیاتری بیرۆکەکانی دوکتور قاسملوو، لە بنکەی سەرەکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەڕێوە چوو.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی شەممە ١٦ی پووشپەڕی ١٣٩٧ی هەتاوی، لە بەرەبەری ٢٩هەمین ساڵوەگەڕی کارەساتی تیرۆریستیی ڤییەن و ساڵیادی شەهیدبوونی دوکتور قاسملوو و هاوڕێیانیدا، سمینارێکی زانستی لە لایەن یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستانی ئێران و بە هاوکاریی دەزگای پەروەردە و لێکۆڵینەوەی حیزبی دێموکرات بەڕێوە چوو.

ئەو سمینارە زانستییە کە لە دوو پانێل پێک هاتبوو، کاتژمێر ٥:٣٠ی ئێوارە بە کاتی باشووری کوردستان بە ڕاگرتنی چەند ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە یادی شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان دەستی پێکرد.

پاشان لە پانێلی یەکەمدا دوکتور هەژار ڕەحیمی، مامۆستای زانکۆ و ئەندامی لەمێژینەی یەکیەتیی خوێندکاران، باسێکی تێروتەسەلی لەسەر پێوەندیی نێوان ئەخلاق و سیاسەت لە ڕوانگەی دوکتور قاسملووەوە پێشکەش کرد.

بەڕێز ڕەحیمی لە وتەکانیدا وێڕای جەختکردنەوە لەسەر ئەو بنەما ئەخلاقییانەی کە دوکتور قاسملوو لە سیاسەتدا پێڕەوی کرد، ڕایگەیاند دوکتور قاسملوو فێری کردین کە وەک خۆمان بیر بکەینەوە و شارەزاییمان لە تیۆری و زانستەکانی سەردەم و دەوروبەر نەبێتە هۆی ئەوەی کە بە تەواوی بکەوینە ژێر کاریگەریی ئیدئۆلۆژییە نامۆ و بێگانەکان و هەوڵ بدەین بە هەر نرخێک، ئەو فیکرانە لە کۆمەڵگای کوردستاندا تەتبیق بکەین، هەر بۆیە سوسیالیزمی دێموکراتیک لە ڕوانگەی دوکتور قاسملووەوە نەک ئیدئۆلۆژییەکی چەقبەستوو، بەڵکوو بەرنامەیەکی پراگماتیستییە کە دەبێ بە گوێرەی هەلومەرجی کۆمەڵگای کوردستان خوێندنەوەی بۆ بکرێت و هەوڵ بۆ سەرخستنی بدرێت.

لە پانێلی دووهەمدا، بەڕێز زانیار بەهاری، ڕاوێژکاری دەستەی بەڕێوەبەریی یەکیەتیی خوێندکاران،  باسێکی زانستیی لەسەر بنەما سەرەکییەکانی هزر و ڕوانینی دوکتور قاسملوو پێشکەش کرد.

بەڕێزیان لە وتەکانیدا دێموکراسی، دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و خەبات بۆ دابینبوونی مافی نەتەوایەتیی وەکوو سێ کۆڵەکەی سەرەکیی هزری دوکتور قاسملوو ناساند و جەختی لەوە کردەوە کە لە ڕوانگەی دوکتور قاسملووەوە ئەو سێ تەوەرە تەواوکەری یەکترن و خەبات بۆ دابینبوونی هەرکام لەو ئامانجانە نابێ بکەوێتە ژێر سێبەری ئەوانی دیکە.

لە کۆتایی هەرکام لە پانێلەکاندا بەشداربووانی سمینارەکە، سەرنج و تێبینی و پرسیارەکانی خۆیان لە پێوەندی لەگەڵ تەوەرەکانی سمینار ئاراستەی بەڕێزان هەژار ڕەحیمی و زانیار بەهاری کرد کە پرسیارەکان دواتر لە لایەن بەڕێزانەوە وەڵام درانەوە.