کوردستان میدیا

سێشەممه 1ی گەلاوێژ 2719
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یەکیەتی لاوان، سێمینارێکی لەژێر ناوی "زیندوویەتی لە پەیامدایە، نەک جەستە" بەڕێوە برد

11:40 - 17 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: یەکیەتی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەبۆنەی ٣٠ـەمین ساڵیادی تیرۆرکردنی "د.قاسملوو" ، سێمینارێکی لە ژێر ناوی "زیندوویەتی لە پەیامدایە، نەک جەستە" بەڕێوە برد.

ڕۆژی شەممە، ۱٦ی پووشپەڕ ، بەشی پەروەردوی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران سێمینارێکی بەبۆنەی ٣٠ـەمین ساڵوەگەڕی شەهیدکرانی دوکتور قاسملوو و هاوڕێیانی لە بنکەی سەرەکیی ئەو ڕێکخراوەیه و لە ژێر ناوی "زیندوویەتی لە پەیامدایە، نەک جەستە" بۆ "زانیار بەهاری" ئەندامی ئەم ڕێکخراوەیه بەڕێوە برد.

ئەم سێمینارە بە ڕاگرتنی ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێکرد.

دواتر "زانیار بەهاری" ئەندامی یەکیەتیی لاوان، باسەکەی خۆی لەسەر ڕەهەندە فکریەکان و هزری دوکتور قاسملوو پێشکەش کرد.

ناوبراو لە قسەکانیدا ئاماژەی بە ناونیشانی سێمینارەکە کرد و ڕایگەیاند کە مەبەست ئەوەیە کە هەتا ئێستاش هزری دوکتور قاسملوو لە نێو بەرەی نوێ و هەروەها چین و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگادا زیندوویە.

 زانیار بەهاری لە درێژەی باسەکەیدا وتی : "پێداگری بەردەوامی دوکتور قاسملوو لەسەر دێموکراسی و دابینکردنی دادپەروەری کۆمەڵایەتی لە کۆمەڵگادا، بۆ باوەڕی دوکتور قاسملوو بە یەکسانیی کەرامەتی ئینسان و مرۆڤتەوەر بوونی هزرەکەی دەگەڕێتەوە، هزرێک کە جیاوازی و تایبەتمەندییەکانی تاکەکان بە کەم ناگرێت و بەهێزیی کۆمەڵگە لە کۆبوونەوەی بیروڕا و بۆچوونە جیاوازەکاندا دەبینێتەوە.

ناوبراو لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوەدا کە دوکتور قاسملوو شوناسێکی نوێی بە حیزبی دێموکرات و خەباتی میللی-دێموکراتیکی کورد بەخشی کە لە ڕاستای بە نێونەتەوەیی کردنی دۆزی کورد و پاراستنی پیرۆزی و هەقانیەتی ئەم دۆزە ڕەوایەیە.

لە کۆتایی سێمینارەکەدا، بەشداربووان ڕاوبۆچوون و پرسەکانی خۆیان خستە بەرباس.