کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یەکیەتی نووسەرانی کورد پەلاماری ١٧ی خەرمانانی مەحکووم کرد

11:43 - 21 خەرمانان 2718

کوردستان میدیا: مەڵبەندی گشتی یەکیەتی نووسەرانی کورد لە دووتوێی ڕاگەیەندراوێکدا هێرش و پەلاماری مووشەکی ڕێژیمی تاران بۆ سەر بارەگاکانی حیزبی دێموکراتی مەحکووم کرد.

ڕێکەوتی ١٠ی سێپتامبری ٢٠١٨ی زایینی، مەڵبەندی گشتی یەکیەتی نووسەرانی کورد بە دەرکردنی ڕاگەیەندراوێک سەبارەت بە پەلاماری مووشەکی تاران بۆ سەر بنکەکانی حیزب ئەم کردەوە جینایەتکارانەی ڕێژیمیان مەحکووم کرد.

 لە بەشێک لەو ڕاگەیەندراوەدا هاتووە، کۆماری ئیسلامی بەبێ گوێدان بە هیچ یاسا و ڕێسایەک و ڕەچاوکردنی مافی هاوسێیەتی و بنەماکانی مافی مرۆڤ بارەگای حیزبە کوردستانییەکان و کەمپی ئاوارەکانی ڕۆژهەڵاتییان لە کۆیە مووشەکباران کردووە کە شەهید و بریندار بوونی ژمارەیەک لە ئەندامانی حیزبەکان و دانیشتووانی سڤیلی کەمپەکەی لێکەوتۆتەوە.

لە بەشێکی دیکەیدا هاتووە: کۆماری ئیسلامی لەو کاتەدا کە خۆی گوشارێکی زۆری دەرەکی لەسەرە و گوزەرانی هاووڵاتییانی خۆی لەوپەڕی کزیدایە جارێکی تر بۆ هەموو دنیای سەلماند کە ئەو ڕێژیمە بە هیچ یاسایەکی نێودەوڵەتی پابەند نابێت و باوەڕی بە مافی چارەنووسی گەلانیش نییە.

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەشدا وێڕای هاوخەمی لەگەڵ بنەماڵەی شەهیدانی ١٧ی خەرمانان هاتووە: یەکیەتی نووسەرانی کورد ئەوپەڕی ناڕەزایی خۆی بەرانبەر بە ئەو پێشێلکارییانە دەردەبڕێ و داوا لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، عێراقی فیدراڵ و نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات ئەو دوژمنکارییانە بە هەند بگرن و بەرپەرچی بدەنەوە.