کوردستان میدیا: یەکیەتی پیشەیی مامۆستایانی کوردستانی ئێران لە بەیاننامەیەکدا بە بۆنەی ساڵی نوێ و دەست بە کار بوونەوەی تەلەفزیۆنی تیشک پیرۆزباییان لە هەموو خەڵکی کوردستان کرد.
دەقی بەیاننەمەکە:
بەیاننامه و پیرۆزبایی نەورۆزی ٢٧١٩ی کوردی یه کیەتیی پیشەیی مامۆستایانی کوردستانی ئیران به بۆنەی نەورۆز و دەست به کاربوونی دووبارەی تیشک له هەموو گەلی کورد به تایبەتی کوردستانی ڕۆژهەڵات
نەورۆز هێمای ئازادی و ژیانەوەی ژیان و هەروەها هیمای ڕەنگاوڕەنگبوونی شاخ و تەلان و ڕووبار و کانیاوەکان، هێمای ئادار و غەم و سێدارەی خاکەلێوەی کۆمارەکەی مەهاباد و هەروەها پێنج هەزار پەرپەربوونی گوڵی شارەکەی بووکی شارەزووری هیرۆشیمای کوردستانه. نەورۆز بۆ گەلی کورد له وەتەی مێژوو هەیه شان به شانی گەلی کورد زاڵبوونی خۆی به سەر ڕەشەبا و تاریکیدا نیشان داوه، لەیەک ڕەستەدا نەورۆز و فەلسەفەکەی لە کوردەواریدا لەگەڵ گەلی کورد پێکەوە گرێدراوە .
نەورۆز سۆمای ئازادی، ئەو بنەما کلتورییە و ڕەشبەڵەکی ڕەنگەکان و پڕ بایەخەیە که چوار بەشی کوردستان دەکاتە یەک و هەروەها قووتابیان و قووتابخانەکان و مامۆستایان بەستەڵەکی زۆرداری دەشکنێن و سەمای ئازادی جێژن و ڕەشبەڵەک دەگرن.
یەکیەتیی پیشەیی مامۆستایانی کوردستانی ئێران پەیمانی لەگەڵ نەورۆز و هەموو ئازادیخوازان، زیندانیانی سیاسی، دایک و باوکان و شەهیدان دووپات دەکاتەوه که لەسەر چالاکی و کاری زانستیی پەروەرده و له قاودانی هەموو کارە نامرۆڤایەتییەکانی سیستمی ئاخوندی دەرێغی ناکات و هەموو کات لەگەڵ شار و شاخ و پەەوردەی جیهانی و ڕێکخراوه نێودەوڵەتییەکان هاوکار بێت.
هەر لێرەوه پێرۆز بێت نەورۆز و سەری ساڵی ٢٧١٩ی کوردی .
یەکیەتیی پیشەیی مامۆستایانی کوردستانی ئێران
٢٩ی ڕەشەمەی ٢٧١٨ی کوردی