کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یەکەمین دانیشتنی دادگای فێدراڵ دژ بە تاران دەستی پێکرد

10:24 - 13 سەرماوەز 2718

کوردستان میدیا: بنەماڵەی ١٥٠ سەربازی کوژراو و برینداربووی ئامریکایی لە شەڕی عێراقدا سکاڵایەکیان لەدژی کۆماری ئیسلامی تۆمار کرد و یەکەم ڕۆژی دانیشتنی ئەم دادگا لە واشینگتۆن دەستی بە کارەکانی کرد.

ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ١٢ی سەرماوەز یەکەمین دانیشتنی دادگای فێدراڵی ئامریکا لە شاری واشینگتۆن بەمەبەستی تاوتوێ کردنی سکاڵای بنەماڵەی ١٥٠ سەربازی ئامریکایی کە لە شەڕی عێراقدا کوژراون یان بریندار کراون بەڕێوەچوو.

ئەو بنەماڵانەی کە سکاڵاکەیان تۆمار کردووە ڕایانگەیاندووە: کۆماری ئیسلامی دەستی هەبووە لە بەئامانج گرتنی ڕۆڵەکانیان و لەم پێناوەشدا داوای خەسارەت و قەرەبوویان کردووەتەوە.

پارێزەری قوربانیانی ئەم پەروەندە وتوویانە: کۆماری ئیسلامی لە رێگەی سپای پاسداران و سپای قۆدس و گرووپە تێرۆریستییەکانی سەر بە تاران لەوانەش حیزبوڵای لوبنان، جەیشۆلمێهدی و سپای بەدر دژ بە سەربازە ئامریکاییەکان ئۆپەراسیۆنیان ئەنجام داوە.

لە بەشێک لەم دانیشتنەدا مەتیڤ لویت، کارناسی خەبات بەدژی تێرۆریزم سەر بە ئەنستیتۆی واشینگتۆن بۆ سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی نیزیک باسی لە وردەکارییەکانی هاوکاری کۆماری ئیسلامی لەگەڵ میلیشیاکانی وەک جەیشۆلمێهدی، سپای بەدر و عەسائیبی ئەهلی‌حەق کردووە و ڕایگەیاندووە ئەم لایەنانەی سەر بە ئێران لە نێوان ساڵەکانی ٢٠٠٤ تاکوو ٢٠١١ ئەرکی کوشتنی سەربازانی ئامریکاییان لە ئەستۆ بووە.

مەتیڤ لویت وتوویەتی: لەم ماوەیەدا ٢٠٠ سەربازی ئامریکایی لەلایەن ئەم گرووپانەوە کوژراون و ١٠٠٠ کەسیش بریندار کراون.

لەم سکاڵادا لێپرسراوانی تاران تۆمەتبار کراون بەوەیکە جیا لە بارهێنانی تێرۆریستان، بە سپیکردنەوەی پارەش هەندێک لە بانکە ئورووپاییەکانیان کردووەتە هاوکاری خۆیان و بە پارەی ئەوان ماددەی تەقەمەنی بۆ سازکردنی بۆمبیان دابین کردووە.