توێژەرانی ئامریکایی یەکەمین نموونەی واکسەنی دژە کۆرۆنایان لەسەر مرۆڤ تاقی کردەوە.
ڕۆژی دووشەممە ٢٦ی ڕەشەمە، زانایانی دامەزراوەی توێژنەوەی "کایزێر پرمانێنتێ" لە "سیاتێل"، ئەم واکسەنەیان لەسەر چوار کەسی دڵخواز تاقی کردەووە.
ئەم واکسەنە بڕیارە بۆ دوو جار لە ماوەی یەک مانگدا لەسەر ٤٥ کەس تاقی بکرێتەوە.
بە گوێرەی ڕۆژنامەی "دەیلی مەیلی بەریتانی"، سەرپەرشتیارانی پرۆسەکە دەڵێن: "قۆناغی یەکەم بریتییە لە تاقیکردنەوەی ئەو واکسەنە و چاوەدێریکردنی کاریگەرییەکانی؛ ئەگەر ئەنجامەکان ئەرێنی بوون، قۆناغی دووەم دەستی پێ دەکرێت کە بریتییە لە چڕکردنەوەی بڕ و پێکهاتەی واکسەنەکە".
تاقیکردنەوەی سیاتێل چەند ڕۆژ دوای ئەوەی ئەنجام درا کە ڕێکخراوی تەندوستی جیهانی دۆخی تەشەنەسەندنی کۆرۆنای لە ئاستی جیهاندا نالەبار وەسف کردبوو و هەتا ئێستا ١٦٩ هەزار کەس بەم ڤایرۆسەوە تووش بووە و نزیکەی ٦ هەزار و ٥٠٠ کەس گیانیان لەدەست داوە.
لە ئێستادا دەیان گرووپی لێکۆڵەر لە سەرتاسەری جیهاندا لە هەوڵی دروستکردنی واکسەنی دژە کۆرۆنان.