کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یەک تۆن ماددەی سڕکەر لە ورمێ دەستی بەسەردا گیرا

18:11 - 10 گەلاوێژ 2719

کوردستان میدیا: ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران که خۆی تڕانزیتی ماددە سڕکەرەکان لە ناوچەدا بۆ ئورووپا دەکات، لە هەواڵێکدا بڵاوی کردووەتەوە کە دەستی بەسەر یەک تۆن ماددەی سڕکەر لە ورمێدا گرتووە.

هەواڵدەرییەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بڵاویان کردووەتەوە کە یەک تۆن ماددەی سڕکەر لە شاری ورمێ، لە لایەن هێزە نیزامی و ئەمنییەتییەکانەوە دەستی بەسەردا گیراوە.

"مەحموود عەلەوی"، وەزیری ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێران وتوویەتی: "ئەوە یەکەم حاڵەتی لەم چەشنە نییە و ئەو بارەی ماددە سڕکەرەکان، دەستی بیانیشی تێدا هەبووە".

بڵاوبوونەوەی ئەوە هەواڵە، چەواشەکەرییەکە کە ڕێژیمی ئێران ئەنجامی دەدات و تەنیا بۆ فریودانی بیروڕای گشتیی خەڵکه.

"حەسەن ڕووحانی"، سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران لە دوای گوشارە ئابوورییەکان و هاوکاری نەکردنی ئورووپا لە بواری ماڵی، هەڕەشەی کرد کە ئیتر ئورووپا ئەمنییەتی نابێت، چونکە تڕانزیتی مادده سڕکەرەکان بۆ نێو ئورووپا ئازاد دەکەین.

بازرگانی و کەڵکوەرگرتن لە ماددە سڕکەرەکان لە ئێراندا، لە دەستی سپای پاسدارانی ئەو وڵاتەدایە.

"ویکی‌لیکس" بڵاوی کردبووە کە وڵاتی ئێران گەورەترین شوێنی تڕانزیتی ماددە سڕکەرەکان لە جیهاندایە.

"ڕەحمان فەزڵی"، وەزیری نێوخۆی ڕێژیمی ئێران باسی لەوە کردبوو کە بازرگانیی ماددە سڕکەرەکان ڕۆڵی بنەڕەتی و گرینگی لە سیاسەتی نێوخۆیی ئێراندا هەیە.

دەسبەسەرداگرتنی یەک تۆن ماددەی سڕکەر لە شارێکی سنووریی کوردستانی ڕۆژهەڵات لەگەڵ وڵاتی تورکیە، بێ دەست تێدابوونی سپای پاسداران و گەورە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران، کارێکی مەحاڵە.