کوردستان میدیا: بەشی تەشکیلاتی ئاشکرا، سەر بە دەزگای ڕێکخستنی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران یەکەمین دەورەی پەروەردەی خۆی بەڕێوە برد.
بەشی تەشكیلاتی ئاشكرا سەر بە دەزگای رێكخستی گشتیی حیزبی دێموکرات، بە مەبەستی پەروەردە كردنی ئەندامانی ئاشكرای حیزبی دێموکرات لە هەرێمی كوردستان، قۆناغی یەكەمی كاری پەروەردەیی خۆی لە ماوەی ڕابردوودا دەستی پێكرد و ئەو دەورەیە بە سەرکەوتوویی کۆتایی پێهات.
ئەم دەورانە كە بە هاوكاریی ناوەندی فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی كوردستان، دەزگای پەروەردە و لێكۆڵینەوەی حیزب بەرێوە دەچن، یەكەمین كاری پەروەردەییان بە بەشداری بەشێک لە ئەندامانی حیزبی دێموکرات لە كۆمیتەی زاگرۆس بەڕێوە برد.
دەورەكە پێكهاتبوو لە دوو بەشی نیزامی كە بریتی بوون لە كۆمەڵێک وانە و تاكتیكی تایبەت بە شێوازی خۆپاراستن و فێركاری چەک و هەروەها بەشی سیاسی كە بریتی بوو لە كۆمەڵێک باس و بابەتی پێوەندیدار بە بنەماكانی كاری ڕێكخراوەیی، ئایینامە و ئەركی ئەندامانی حیزب، سیاسەتەكانی حیزب، مێژووی حیزب، ساختاری حیزب و ئاڵوگۆڕەكانی دوای كۆنگرەی شانزدەهەمی حیزب، چۆنیەتی كەڵکوەرگرتن لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بە شێوازێكی تەندروست، سیاسەتەكانی ڕێژیمی كۆماری ئیسلامی ئێران و بەرنامە و ئەساسنامەی حیزب .
دەورەكە بە وتنەوەی ئەو وانانە لە لایەن كۆمەڵێک مامۆستای شارەزا و بە بەشداری چالاكانە ئەندامانی بەشدار لە دەورەكەدا، ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٢٠ی پووشپەڕی ١٣٩٧ی هەتاوی كۆتایی پێیهات.
لە ڕۆژی كۆتایی دەورەكە بە بەشداری هەر یەک لە ”تاهیر مەحموودی” بەرپرسی دەزگای ڕێكخستنی گشتی، ”دارا ناتق” بەرپرسی تەشكیلاتی ئاشكرای حیزب و ”لۆقمان ئەحمەدی” بەرپرسی دەزگای پەروەردە و لێكۆڵینەوەی حیزب، لەوحی ڕێزلێنان بە سەر بەشداربوانی دەورەكەدا دابەش كرا.
بەرپرسی دەزگای ڕێكخستن وێڕای سوپاس و ماندونەبوونی لە ئۆرگانەكانی هاوكار و مامۆستایان، ئاماژەی بە ڕوڵ و كاریگەری ئەو دەورانە و ئەركی ئەندامان لە دوای ئەو دەورانە كرد و پێداگری لەسەر كاری پەروەردەیی و خۆپێگەیاندن و بردنەسەری ئاستی هۆشیاری و زانیاری ئەندامەكان كرد.