کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

١٠ی خاکەلێوە سەنگەری پەیمان نوێکردنەوەیە

13:36 - 11 خاکەلێوه 2719

کوردستان میدیا: تێکۆشەران، ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە بەڕێوەبردنی چالاکیی تەبلیغیی بە بۆنەی ١٠ی خاکەلێوە ـ ڕۆژی شەهیدانی کوردستان ـ، بە بەڕێوەبردنی چالاکیی تەبلیغیی جۆراوجۆر ڕێز لەو ڕۆژە دەگرن.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، قارەمانانی دێموکرات، لە شاری مەهاباد، لە ١٠ی خاکەلێوەدا، لە چەندین شوێنی وەک: "شەقامی موکریان، شەقامی بازارچەی ئەسغەری، شەقامی تێرمیناڵی گەورە، شەقامی زانکۆی پەیامی نوور، تەپەی قازی، شەقامی مەزاری پێشەوا و هاوڕێیانی، حەوشەی نەخۆشە، شەقامی پەرستار، سێڕێیانی قەبران، سێڕێیانی بەری شیلانان و بەری مەدرەسە" بە بڵاوکردنەوەی تراکت و پۆستێر لەگەڵ ئامانجی شەهیدان پەیمانیان نوێ کردەوە.

لە نەغەدەی دێموکرات، بە بۆنەی ڕۆژی شەهیدانی کوردستان، لە گوندەکانی وەک: "کۆیکان، وێنسلیان، دیلانچەرخ، مەمەلیان، خەلیفەلیان، لە نێو شار "مەیدانی کاویان" لەژێر کەشێکی تەواو ئەمنییەتیدا چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە چووە.

ڕۆڵەکانی دێموکرات لە شاری شنۆ، بۆ ڕێزگرتن لە بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان بە نووسینی دروشم، بڵاوکردنەوەی تراکت و پۆستێری تایبەت بە ڕۆژی ١٠ی خاکەلێوە و هەڵکردنی ئاڵای کوردستان چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە بردووە.

لە گوندی نێی قارەمانەوە، شۆڕشگێڕانی دێموکرات بە بڵاوکردنەوەی پۆستێری ڕێبەرانی شەهید "قازی، قاسملوو و شەرفکەندی" و هەروەها دروشمی (پەیمانی وەفاداری هەتا گەیشتن بە ئامانجی شەهیدان) چالاکییان بەڕێوە برد.

ڕۆژی ١٠ی خاکەلێوەدا، تێکۆشەرانی دێموکرات لە گوندی تەنگیسەر بە دانانی پۆستێری تایبەت بە ١٠ی خاکەلێوە، وێنەی شەهیدانی ڕاسان و هەروەها ئاڵای کوردستان و جامانه، بۆ جارێکی دیکه پەیمانی وەفاداریی خۆیان لەگەڵ ڕێبازی شەهیدان نوێ کردەوە.

لە ئاویەری سنه، قارەمانانی دێموکرات بە بڵاوکردنەوەی تراکت و پۆستێری تایبەت بە ١٠ی خاکەلێوە وێڕای پەیمان نوێکردنەوە لەگەڵ ڕێبازی شەهیدان، بەڵێنیان دا، کە هەتا دوایین دڵۆپی خوێن درێژە بە ڕێبازی شەهیدان دەدەن.

لە بۆکانی قارەمانەوە، چالاکییەکان بە بۆنەی ١٠ی خاکەلێوە درێژەی هەیە، ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات له شارى بۆكان، بە بەڕێوەبردنی چالاکیی بەرینی تەبلیغی کەڵکیان لەو مەشغەڵەی شەهیدان وەرگرت کە بۆیان هەڵکردووین و پەیمانیان لەگەڵ هەموو شەهیدانی کورد و کوردستان نوێ کردەوە، شوێنی بەڕێوەبردنی چالاکییەکان بریتین لە: ''گڵکۆی  هونەرمەند حەسەن زیرەک، پارکی محەممەدییە و دەوروبەری، پشت سی مێتری، خانە سازمانییەکانی سپای پاسداران، تەڕەبار، باسکۆڵی ئیلخانیزادە، بلواری ساحلی، پردی تازە  و دەوری شەقامی قانع"، هەروەها لە درێژەی ئەو چالاکییانەدا پێشمەرگەکانی شار بە چونە سەر گڵکۆی شەهیدان، پەیمانیان لەگەڵ نوێ کردنەوە و چوونە سەر گڵکۆی فەرماندەی دوژمن تۆقێن  شەهید "کەریم ئارامش" ناسراو بە "کەریم عەلی فەرامەرز،  ڕەحمان دڵارام، عومەر فەقێ ئێبڕاهیمی، ڕەحیم مەحمەڵزادە ، برایانی مەتین و ئاغایانی فەیزوڵڵابەگی لە گوندی دۆزخدەڕە و لە گوندی قۆڵغەتەپەش چوونە سەر مەزاری فەرماندەی نەمر شەهید "محەممەد زەنگەنە" و بە دانانی گوڵی سوور لەسەر خاکی پیرۆزیان بەڵێنی وەفادارییان دووپات کردەوە.

لە درێژەی ئەو چالاکییانەدا ڕێبورانی ڕێگای ئازادی لە گوندی "زەنگیاوێ" سەر بە شاری پیرانشار، سەردانی گڵکۆی شەهید "سلێمان ڕەسووڵزادە"یان کرد. شەهید سلێمان، ١٥ی پووشپەڕی ١٣٦٩ تێکەڵ بە کاروانی شەهیدان بوو.